رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایدەگەیێنێت، جووڵەی سوپا لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی وڵات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانە لە هێرشەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە". راشیگەیاند. "پابەندین بە رێککەوتنی 10ی ئادار و ئۆپەراسیۆن ناکەین."
شەوی 6-10-2025، بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بارەی رووداوەکانی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئەو وڵاتە (سانا)ی راگەیاند، "جووڵەی سوپای عەرەبیی سووریا لە چوارچێوەی پلانی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەیدایە لەسەر چەند میحوەرێک لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا."
وەزارەتی بەرگریی سووریا پاساوی بڵاوکردنەوەی هێزی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، گوایە هەسەدە هێرش دەکات و هاووڵاتییان و هێزەکانی سوپا و ئاسایش دەکاتە ئامانج. هەروەها هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خاڵ و گوندی نوێ دەدات.
بەڤیدیۆ؛ حکومەتی دیمەشق زرێپۆش رەوانەی دەوروبەری گەڕەکە کوردییەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەکات pic.twitter.com/Y8yH0Jhc01
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 6, 2025
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، "پابەندین بە رێککەوتنی 10ی ئادارەوە و هیچ نیازێک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی نییە."
ئەو رێککەوتنەی وەزارەتەکە باسی دەکات، 10ی ئاداری ئەمساڵ لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرککۆماری سووریا لە دیمەشق واژۆ کرا و لە 8 خاڵ پێکهاتبوو.
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت،"سوپا ئەمڕۆ لەبەردەم بەرپرسیاریێتییەکانی خۆیدایە بۆ پاراستنی گیان و موڵکی هاووڵاتییان، هەروەها پاراستنی گیانی ئەندامانی سوپا و هێزەکانی ئاسایش لە هێرشە بەردەوامەکانی هەسەدە."
لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبووە. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، حەوت رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن هەموویان داخراون.
ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، لە دەروازەکانی هەردوو گەڕەکەکە بە خۆڵ رێگەی هاتووچۆیان بڕی. بەرپرسێکی پەیەدە لە حەلەب گوتی، 15 کورد بە گازی فرمێسکڕێژ بریندار بوون.
ڤیدیۆی گردبوونەوەی کوردانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب کە لە دژی گەمارۆدانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دیمەشقەوە گردبوونەتەوە pic.twitter.com/UclhMtlYtw
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 6, 2025
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا حەوت رێگەی هاتووچۆی هەردوو گەڕەکەکە هەن دایانخستوون".
لە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە لە چەند ساڵی رابردوودا، ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکە، لەلایەن گرووپە چەکدارە کوردەکانی نزیک هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێن و دەپارێزرێن.
محەممەد ئەمین ئەلیکۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە حەلەب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دۆخەکە زۆر خراپە و ژیانی نزیکەی 450 هەزار لەژێر مەترسیدایە".
دوای دروستکردنی بەربەستی هاتووچۆ، سەتان هاونیشتمانیی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود راژونەتە شەقامەکان و بەرەو رووی هێزەکانی دەسەڵاتی دیمەشق چوون، ئەو بەرپرسەی پەیەدە گوتی: "هێزەکانی حکومەتی سووریا گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە و بەهۆیەوە 15 کەس بریندار بوون".
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە بەردەوامە. کوردانی ئەو دوو گەڕەکە داواکارن، هەرچی زووە بەربەستەکان لاببرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ