چالاکڤانێک لە حەلەب: هێزەکانی دیمەشق تەقە لە خۆپێشاندەرانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەکەن

06-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چالاکڤانێک لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەڵێت، ئاڵۆزییەکانی هەردوو گەڕەکە کوردنیشینەکە بەردەوامە و هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بە تەقەکردن بڵاوە بە خۆپیشاندەران دەکەن.
 
سوار عەفرینی، چالاکڤان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب شەوی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی برینداربوون بە گازی فرمێسکڕێژبووە و زۆرینەی خەڵک گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان".
 
ئەو چالاکڤانە لە گەڕەکە کوردنشینەکان نیشتەجێیە و گوتی: "هێزەکانی سووریا گولـلە بەسەرماندا دەبارێنن؛ هێزی مەدەنیی پاراستنی گەڕەکەکان هەن بە جلوبەرگی سڤیلەوە".
 
سوار عەفرینی گوتیشی: "هێزەکانی حکومەتی سووریا زۆرن و بەرامبەر بە ئێمە چەند بەرامبەرن".
 
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، ئەوانەی رووبەروویان بوونەتەوە، هێزی ئاسایشن و جلوبەرگی فەرمییان لەبەردایە و هاتوونەتە نێو گەڕەکەکان.
 
سوار عەفرینی گوتی: "لە نزیک کاژێر 10:30ـی شەوی دووشەممە 06-10-2025 هێزەکانی دیمەشق دەستیان بە تەقەکردن کرد و خەڵکی خۆپیشاندەریش گەڕانەوە ماڵەوە".
 
ئەو چالاکڤانە ئاماژەی بەوەکرد، کەس ئەوانی ئاراستە نەکردووە خۆپیشاندان بکەن و گوتی: "گرووپی واتساپمان هەیە و وەکو خوێندکاران و لەوێ یەکتر ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام خەڵکیش خۆیان رژانە شەقامەکان".
 
عەفرینی گوتی: "هێزەکانی دیمەشق تانکیان هێنا و بە گولـلە هێرشیان کردە سەر خەڵکی سڤیل، بەڵام باشە گوـلە بەر کەس نەکەوتووە".
 
لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبووە. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، 7 رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن هەموویان داخراون.
 
ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، لە دەروازەکانی هەردوو گەڕەکەکە بە خۆڵ رێگەی هاتووچۆیان بڕی. بەرپرسێکی پەیەدە لە حەلەب دەڵێت، 15 کورد بە گازی فرمێسکڕێژ بریندار بوون.
 
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا حەوت رێگەی هاتووچۆی هەردوو گەڕەکەکە هەن دایانخستوون".
 
لە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە لە چەند ساڵی رابردوودا، ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکە، لەلایەن گرووپە چەکدارە کوردەکانی نزیک هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێن و دەپارێزرێن.
 
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە بەردەوامە. کوردانی ئەو دوو گەڕەکە داواکارن، هەرچی زووە بەربەستەکان لاببرێن.
 
لە بەرامبەردا هەر شەوی دووشەممە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بارەی رووداوەکانەوە راگەیاند، "جووڵەی سوپای عەرەبیی سووریا لە چوارچێوەی پلانی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەیدایە لەسەر چەند میحوەرێک لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا."
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا پاساوی بڵاوکردنەوەی ‌هێزی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، گوایە هەسەدە هێرش دەکات و هاووڵاتییان و هێزەکانی سوپا و ئاسایش دەکاتە ئامانج. هەروەها هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خاڵ و گوندی نوێ دەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە