رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، لەمەودوا سەرجەم پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، وەک "ئامانجی سەربازیی رەوا" تەماشا دەکرێن و دەکرێنە ئامانج.
سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئەو هێزانە گرژییەکانیان بەرەو گەڕەکەکانی دیکەی شاری حەلەب پەرەپێداوە و "کۆمەڵکوژییان" دژی هاووڵاتییانی سڤیل کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە دانیشتووانی سڤیلی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە بە زووترین کات لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی هەسەدە دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.
سوپای سووریا کردنەوەی دوو رێڕۆی مرۆیی ئارامی بۆ چوونە دەرەوەی هاووڵاتییان راگەیاند، کە بریتین لە (دەروازەی عەوارز) و (دەروازەی شەقامی زهوور).
سوپای سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دەروازانە تاوەکو کاژێر 03:00ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کراوە دەبن.
دوو رۆژە شەڕ و پێکدانانی سەخت لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و سوپای سووریا بەردەوامە.
ئاخین نوجان، بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، ئەوە 6 مانگە ئەو هێزانە دەیانەوێت ئێمە پەلکێش بکەنە نێو شەڕەوە، رۆژانە پێشێلکاری دەکەن و هۆکارێک دەدۆزنەوە بۆئەوەی شەڕمان لەگەڵ بکەن، بە چەکەکانیان تەقە لە هێزەکانی ناوخۆ دەکەن.
بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب دەڵێت، "گرووپە چەکدارەکان لە 24 کاژێردا چوار جار بە درۆنی خۆکوژ (بۆمبڕێژکراو) هێرشیان کردە سەرمان."
دەشڵێت، "شەڕەکە پێش نیوەڕۆی دوێنێ دەستیپێکردووە، ئەوان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئێمە و دوو هەڤاڵمان شەهید بوون، ئێمەش هێرشمان کردووەتە سەر دوو بارەگای ئەوان. دواتر شەڕەکە تەشەنەی کردووە، ئەوان بۆدوومانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیان کردووە بەبێ ئەوەی جیاوازی لەنیوان کەسانی سڤیل و سەربازی بکەن."
ئاخین نوجان ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا کوێرانە بۆردوومانی خەڵکی سڤیل و هێزەکانی ئێمەیان کردووە، فەرمانمان بە هێزەکانمان کردووە بە تووندی رووبەڕوویان ببنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ