بەرپرسی ئەنجوومەنی دوو گەڕەکی کوردیی حەلەب: سوپای عەرەبیی سووریا 300 ماڵی رووخاندووین

دوێنێ کاژێر 06:11
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ژمارەیەک چەکداری سووپای عەرەبی سووریا لە دەروازەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب.
ژمارەیەک چەکداری سووپای عەرەبی سووریا لە دەروازەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب.
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی هێرشەکانەوە 300 ماڵ زیانیان پێگەیشتووە و رووخاون".
 
هاوسەرۆکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە رێگەی رووداوەوە باسی دۆخی گەڕەکە کوردییەکانی کرد و رایگەیاند: داوا لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین پشتیوانیی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکات.
 
لەبارەی دۆخی ئەو دوو گەڕەکە کوردییەی حەلەب، نووری شێخۆ رایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکان 8 کەس شەهیدبوون و 48 کەس برینداربوون، لەنێو ئەو 48 کەسەی برینداربوون، ژن و منداڵ هەن.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی گرژییەکانی حەلەب رایگەیاند،  "ئەو تووندوتیژییە"ـی لە شاری حەلەب هەیە "جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە" و  "هەڕەشەی پاکتاوی رەگەزی لە دژی کورد لەو ناوچەیدا هەیە". گوتیشی، "نابێ ناکۆکیی سیاسیی بێتە هۆی پاکتاوی رەگەزی".
 
سەرۆک بارزانی لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە دەڵێت، "داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن رێگە نەدرێ هاووڵاتییانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی رەگەزی ببنەوە"
 
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیپێکردووە. ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی چوارشەممە، یەکەم هەوڵی پێشڕەویی هێزەکانی حکومەتیان بە تانک بۆ سەر گردی کاستێلۆ تێکشکاندووە. دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووری، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە.
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رەتیکردەوە هیچ هێزێکی سەربازییان لەنێو شاری حەلەب هەبێت و رایگەیاند "ئەوانە درۆی کەسانی تینووی خوێنن"؛ هۆشداریش دەدات کە بەردەوامیی هێرشەکان تەنیا لە حەلەب ناوەستێت، بەڵکو "تەواوی سووریا دەکاتەوە بە گۆڕەپانی جەنگێکی کراوە."
 
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود بە رووداوی گوت: "چەکدارانی (عەمشات و حەمزات) کە لەلایەن تورکیاوە فەرمانیان پێ دەکرێت، هێرشەکان دەکەن."
 
بەپێی دوایین ئاماری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 44 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
تەندروستیی حەلەب کوژرانی 4 سڤیل و برینداربوونی 18ـی دیکەی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان) راگەیاند؛ وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
 
گەمارۆی تووند لەسەر ناوچەکە هەیە، 5 مانگە سووتەمەنی نەگەیشتووە و تەنیا یەک نەخۆشخانە (خالید فەجر) کاردەکات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند هێزەکانی حکومەت "گەنجانی رفێندراو وەک قەڵخانی مرۆیی" لەپێش تانکەکان بەکاردێنن. پارێزگاری حەلەب دەوامی فەرمیی لە قوتابخانە و زانکۆکان راگرت و فڕۆکەخانەی حەلەبیش گەشتەکانی وەستاند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە