رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا وەڵامی هەسەدەی دایەوە و رایگەیاند، مادام هەسەدە دانیناوە بەوەی لە حەلەب سەربازی نییە، کەواتە دۆسیەی ئەمنی بەتەواوی لەدەستی دەوڵەتدایە؛ حکومەت هەروەها رەتیدەکاتەوە ئامانجی لێدانی پێکهاتەیەک بێت و دەڵێت: "کوردەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێمە هەڵاتوون."
رۆژی چوارشەممە 07-01-2026، حکومەتی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "ئەوەی لە راگەیێندراوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا هاتووە سەبارەت بە دۆخی حەلەب، بەتایبەت گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، هەڵەی زەقی تێدایە و پێچەوانەی رێککەوتنی 1ـی نیسانی 2025ـە."
حکومەتی دیمەشق دەڵێت: "جەختکردنەوەی هەسەدە لەسەر نەبوونی هێزی سەربازی لەنێو شاری حەلەب، دانپێدانانێکی ئاشکرایە کە بەتەواوی لە هەر رۆڵ و دەستوەردانێکی ئەمنی و سەربازیی شارەکە بێ بەرییان دەکات و دەسەلمێنێت کە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایش و دانیشتووان، تەنیا لە ئەستۆی دەوڵەتی سووریا و دامەزراوە شەرعییەکانیدایە."
"کوردەکان بۆ لای ئێمە هەڵاتوون"
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی سووریا جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی هەموو هاووڵاتییان، بە هاووڵاتییانی کوردیشەوە، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و یاسایی نەگۆڕە و سازشی لەسەر ناکرێ، ئەمەش بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای رەگەز یان لایەنداری جێبەجێ دەکرێت."
حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو خەڵکەی ئاوارە بوون، روویان لە ناوچەکانی ئەوان کردووە و دەڵێت: "ئەوانەی لە ناوچەکانی گرژی ئاوارە بوون تەنیا هاووڵاتیی سڤیلن و هەمووشیان هاووڵاتییانی کوردن کە بەهۆی ترس لە هەڵکشان ناوچەکانیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان بردووە؛ ئەمەش بەڵگەی متمانەی هاووڵاتییانی کوردە بە دەوڵەتی سووریا."
حکومەت جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێکارەکانی لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە تەنیا بۆ "پاراستنی ئاسایش و رێگریکردنە لە چالاکیی چەکداری لەنێو ناوچە نیشتەجێبووەکان،" داواش دەکات گرووپە چەکدارەکان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بچنە دەرەوە.
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیپێکردووە و دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود بە رووداوی گوت، 8 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە (کە ژن و منداڵیان تێدایە) و 48 کەسی دیکە بریندارن.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب رایگەیاند 4 سڤیل کوژراون و 18ـی دیکە بریندارن؛ وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی راگەیاند، هەروەها 9 فەرمانبەری دەوڵەت بریندارن.
هەسەدە: رایگەیاندووە زیاتر لە 80 تانک و زرێپۆش لە دەوروبەری گەڕەکەکانن و یەکەم هێرشی تانکی بۆ سەر گردی کاستێلۆ تێکشکێنراوە.
حکومەت گەڕەکەکانی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە و هەسەدە بە "بۆمبڕێژکردنی شەقامەکان" تۆمەتبار دەکات.
سەرۆک مەسعود بارزانی هۆشداریدا لە "هەڕەشەی پاکتاوی رەگەزی دژی کورد" و داوای لە هەسەدە کرد شەڕ رابگرن و حکومەتی سووریاش ناکۆکیی سیاسی نەکاتە نەتەوەیی.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند "بە تووندی نیگەرانین و داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێ دەکەین."
لە ئەمریکاوە سیناتۆر جەیمس ریش بە رووداوی گوت، "شەڕەکە تەنیا لە بەرژەوەندیی ئێران و داعشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ