رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بە ''هەڵوێستێکی نەتەوەپەروەرانە'' دەزانێت، دەشڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هێرشەکان رابگیرێن.
چوارشەممە، 07-01-2026، خالید ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، لەبارەی هێرشەکەی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رایگەیاند، ''سوپای عەرەبیی سووریا لەبری پاراستنی خەڵک، هەوڵی قڕکردنیان دەدات.''
ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا هۆشداری دا کە ئەو شەڕ و تووندوتیژییەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەگوزەرێت، هەڕەشەی جیددیی "پاکتاوی رەگەزی" لە دژی گەلی کورد لەو ناوچەیە دروست کردووە.
خالید ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، ''پەیامەکەی رێزدار بارزانی جێگەی دڵخۆشییە و هەڵوێستێکی نەتەوەپەروەرانە و کوردستانییە، کە دەستی هاوکاری درێژ کردووە، بۆ ئەوەی ئەو شەڕە گەورەتر نەبێتەوە.''
بەگوتەی ئەو ئەندامەی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هێشتا دەرفەت بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن ماوە، ''بەڵام چوار رۆژ لەمەوپێش هێشتا شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دیمەشق بوون کە بەداخەوە [لەلایەن حکومەتی سووریاوە] هەڕەشە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکرا.''
خالید ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە لایەنگری شەڕ نین، بەڵکو ئاشتیخوازین و دەمانەوێت هەموو شتێک لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێ. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی ئەم گوشارانە لەسەر خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە نەمێنن.''
لە 1ی نیسانی 2025، حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێککەوتنێکیان لەبارەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە واژۆکرد. ئەو ئەندامەی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رەتیدەکاتەوە هێزەکانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەدا مابن و دەڵێت، ''بەگوێرەی رێککەوتنی 1ـی نیسان تەنیا ئاسایشی ناوخۆ لەو دوو گەڕەکەدا ماون.''
خالید ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە، بەردەوامبوونی شەڕەکە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکی سووریادا نییە و زیانێکی گەورە بە سەرجەم گەلانی وڵاتەکە دەگەیێنێت.
وەک ئەو ئەندامەی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، دیمەشق دەیەوێ ناکۆکی بخاتە نێو پێکهاتەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ''بۆ ئەوەی شەڕێکی نێوخۆیی دەستپێبکەن، بەڵام گەلی ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب و سریانییەوە هۆشیارە و، دەزانن دەستکەوتەکانی خۆیان چۆن بپارێزن.''
رۆژی 10ـی ئاداری 2025، رێککەوتننامەیەکی 8 خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر واژۆ کرا. خالید ئیبراهیم گوتی، ''ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکان، چی سەربازی، چی مەدەنی و تەنانەت پرسی نەوت و گازیش، بەڵام بەو مەرجەی هەموو خاڵەکان پێکەوە بن.''
ئەو ئەندامەی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ''بەداخەوە حکومەتی شام نایەوێ رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکات و دەیەوێت تەنیا هەندێک خاڵی سەربازی جێبەجێ بکرێن بەبێ رەچاوکردنی مافەکانی دیکەی گەلەکەمان. چونکە یەکێک لە خاڵەکان راگرتنی شەڕ لە سەرانسەری سووریا بوو، بەڵام ئێستا هێرش دەکرێتە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.''
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا دەستیپێکردووە؛ هەردوولا یەکدی بە دەستپێشخەری تۆمەتبار دەکەن.
بەگوتەی نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بۆ رووداو، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ