ئەنەکەسە: دۆخی حەلەب مەترسیدارە و سوپا گەڕەکەکانی کردووەتە ناوچەی سەربازی

دوێنێ کاژێر 10:10
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) "نیگەرانیی قووڵ"ـی خۆی لەبارەی پێکدادانەکانی حەلەب دەربڕی و ناساندنی گەڕەکە کوردنشینەکان وەک "ناوچەی سەربازی" لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە بە "ئاماژەیەکی مەترسیدار" وەسفدەکات کە لێکەوتەی خوێناوی دەبێت.
 
ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) لە راگەیێندراوێکدا رۆژی چوارشەممە 07-01-2026، بڵاوی کردەوە: "تۆپبارانکردنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بەردەوامیی پێکدادانەکان لە دوێنێوە، بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان سڤیل و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان."
 
ئەنجوومەنەکە هۆشداری لە بڕیارە نوێیەکەی دیمەشق دەدات و دەڵێت: "ناساندنی گەڕەکەکان وەک ناوچەی سەربازی لەلایەن سوپای سووریاوە و داواکاری بۆ چۆڵکردنیان لە سڤیلەکان، ئاماژەیەکی مەترسیدارە و رەنگە ببێتە هۆی زیانی گیانیی زیاتر."
 
ئەنەکەسە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات "دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگرن، گەمارۆکان لاببەن و رێگە بە گەیشتنی هاوکاریی پزیشکی بدەن." هەروەها داوا دەکات ئیدارەی سووریا دەستپێشخەرییەک بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر رابگەیێنێت کە "مافی دەستووریی پێکهاتەکان، بەتایبەت گەلی کورد بپارێزێت."
 
لە کاژێرەکانی دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026)، شاری حەلەب بووەتە گۆڕەپانی یەکێک لە سەختترین پێکدادانەکانی ساڵانی رابردوو؛ تۆپبارانی چڕی تانک و هاوەنەکان ئاسمانی شارەکەیان تەنیوە و تاوەکو ئێستا دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
 
لە گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، ژمارەی قوربانییان بۆ 7 گیانلەدەستدان و 54 بریندار بەرزبووەتەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
تەندروستیی حەلەب باسی 5 کوژراو و 27 بریندار دەکات، جگە لە کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 3 ئەندامی ئاسایشی نێوخۆی حکومەت و 9 فەرمانبەری دەوڵەت.
 
دیمەنی مەیدانیی شارەکە گۆڕاوە بۆ سەربازگەیەکی داخراو. هەسەدە دەڵێت هێزەکانی حکومەت بە زیاتر لە 80 تانک و زرێپۆش گەمارۆی گەڕەکە کوردییەکانیان داوە و ئاسایش چوار جار هێرشی تانکی بۆ سەر "گردی کاستێلۆ" تێکشکاندووە. حکومەتیش گەڕەکەکانی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە. باس لە بەکارهێنانی تاکتیکی مەترسیدار دەکرێت؛ هەسەدە دەڵێت حکومەت "گەنجانی رفێندراو وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردێنێت" و حکومەتیش دەڵێت "هەسەدە بۆمبی چاندووە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هەسەدە

هەسەدە: لە دێر حافر 3 کەس بریندار بوون و درۆنێک لە رەققە خرایە خوارەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی گرووپی "عەمشات"ی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر شارۆچکەی دێر حافر، سێ کەسی سڤیل بریندار بوون کە یەکێکیان منداڵە. هاوکات، درۆنێکی خۆکوژی لە دەوروبەری رەققە خراوەتە خوارەوە.