رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەلەب بکرێت و بکەرانی سزا بدرێن. هەروەها ئەمریکا سووریایەکی سەقامگیری دەوێت کە "سوودبەخش بێت بۆ دانیشتووانی کورد."
دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە هێرشەکانی 48 کاژێری رابردووی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، پرسیاری هەڵوێستی ئەمریکای لە جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان کرد.
ویڵسن رایگەیاند، "وەک چۆن رووداوێکی تووندوتیژی هەبووە، پێویستە لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت و بڕوام وایە کە سەرۆک شەرع [سەرۆککۆماری سووریا] هەمان شت دەکات؛ لێکۆڵینەوە دەکات لەوەی چۆن ئەمە روویداوە و پاشان ئەو کەسانەی بەرپرسن بە بەرپرسیار دادەنرێن."
جۆ ویڵسن ئاماژەی بەوە کرد، نیگەرانە لە دەستوەردانی دەرەکی لە رووداوەکە، "دەزانین کە کاریگەریی دوولایەنمان لەلایەن ئێرانەوە هەیە و ئەوان دەیانەوێت دابەشکاری دروست بکەن. هەروەها کاتێک بیر لە حەلەب دەکەمەوە، بیر لە پووتینی تاوانباری جەنگ دەکەمەوە.. ئێمە دژی تێکدانی سەقامگیری لەلایەن ئێران و پووتین دەوەستینەوە."
ئەو کۆنگرێسمانە باسی لە رۆڵی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کرد و گوتی: "متمانەم بە باراک هەیە کە لەوێ دەبێت بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیرێک کار بکات. ئێمە سووریایەکی سەقامگیرمان دەوێت کە سوودبەخش بێت بۆ هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە."
سەبارەت بە هەواڵی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و سووریا، جۆ وڵسن بە رووداوی گوت: "دوێنێ رۆژێکی گەورە بوو بۆ من، رێککەوتن لە نێوان ئیسرائیل و سووریا لە پاریس کرا.. دۆناڵد ترەمپ باشترینی بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەوێت؛ ئەو سەقامگیری دەوێت، پاشان ئاشتی و دواتر سەرکەوتنی ئابووری."
دوو رۆژە شەڕی نێوان سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە سەر بە ئیدارەی خۆسەرن بەردەوامە. بە گوێرەی بەرپرسانی هەردوولا، زیاتر لە 10 کەس کوژراون و سەروو 70 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمان
رووداو: لە کاتێکدا رێککەوتن لە نێوان سووریا و ئیسرائیل کراوە، بەڵام لە حەلەب شەڕ روودەدات. بۆچوونت تۆ لەو بارەوە چییە؟
جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمان: باشە، من بە راستی ئومێدەوارم بەوەی کە پێویستە بیکەین. ئەمریکا نێردەیەکی وەک تۆم باراکی هەیە، بۆیە متمانەم هەیە کە باراک لەوێ دەبێت بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیرێک کار بکات، چونکە ئێمە سووریایەکی سەقامگیر و پێشکەوتوومان دەوێت، کە زۆر سوودبەخش دەبێت بۆ هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەری، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە. بۆیە دووبارە و دووبارە، من زۆر ئومێدەوارم بەو سەقامگیرییەی کە باڵیۆز باراک دەتوانێت بەدیبهێنێت. دوێنێ رۆژێکی گەورە بوو بۆ من. رێککەوتن لە نێوان ئیسرائیل و سووریا لە پاریس کرا. بۆیە ئەمە هەنگاو بە هەنگاوە، بەڵام نابێت هیچ ململانێیەک هەبێت و هەموومان سووریایەکی سەقامگیرمان دەوێت، کە سوودبەخش بێت بۆ دانیشتووانی کورد. بۆ من، ئەمە زۆر گرنگە، دووبارە و دووبارە، ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە سووریایەکی سەقامگیرمان دەوێت، کە سوودبەخش بێت بۆ گرووپە لاوەکییەکان، جا چ کورد بن یان عەلەوی یان دەشتەکی یان درووزەکان. بۆیە زۆر گرنگە ئێمە کار بکەین بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی کورد. ئێمە هەموو پێکهاتەکان دەپارێزین.
رووداو: ئایا هیچ نیگەرانییەکت هەیە سەبارەت بە هەندێک لە لایەنەکانی ناو سووریا؟ ئەوان تووندوتیژی دژی کەمینەکان دەکەن و لە رابردووشدا کردووتابە، لەوانە دژی درووز و عەلەوییەکان، ئێستاش لە دژی کورد. چ نیگەرانییەکت هەیە و چ رێکارێک لە کۆنگرێس دەگریتە بەر؟
جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمان: نیگەرانیم هەیە چونکە دەزانین کە کاریگەریی دوولایەنمان لەلایەن ئێرانەوە هەیە و ئەوان دەیانەوێت دابەشکاری دروست بکەن. هەروەها، من کاتێک بیر لە حەلەب دەکەمەوە، بیر لە پوتینی تاوانباری جەنگ دەکەمەوە، هێرشەکە بۆ سەر حەلەب و هێرشەکانی دیکە و مردنی خەڵک کە ئەوە کارەساتبار بووە. بۆیە دووبارە و دووبارە، کاریگەریی دەرەکی هەن کە پێویستە بەرپەرچ بدرێنەوە و من تەنیا متمانەم بە نێردەکەمان، تۆم باراک هەیە، کە ئێمە دژی تێکدانی سەقامگیری لەلایەن ئێران و تێکدانی سەقامگیری لەلایەن پوتینی تاوانباری جەنگەوە دەوەستینەوە. دووبارە و دووبارە، پێموایە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە. جێی جۆش و خرۆشە بۆ من کە ئەو دەرفەتانە دەبینم کە پێموایە لە رێگەن. بزانە، سەرۆک گوتوویەتی کە بەرزترین ئاستی سەقامگیری دەوێت لە دوای 3000 ساڵ. حەز دەکەم ئاماژە بەوە بکەم، ئەگەر بە راستی باسی مامەڵە لەگەڵ دیمەشق دەکەیت، ئەوە 8000 ساڵە هەوڵدەدرێت. من زۆر گەشبینم بۆ خەڵکی ناوچەکە و تەنیا متمانەم بە نێردە تۆم باراک هەیە، کە زۆربەی ئەم ئەرکانە جێبەجێبکات.
رووداو: لە 48 کاژێری رابردوودا، لایەنەکانی سووریا هێرشیانکردووەتە سەر گەڕەکە کوردییەکان و هەشت هاووڵاتیی سڤیلیان کوشتووە و ژمارەیەکیشیان بریندار کردوون. هەروەها، سەدان خانووش خاپوورکراون یان زیانیان پێگەیەندراوە. چۆن لەمە دەڕوانیت و هەڵوێستت لەو بارەیەوە چییە؟
جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمان: وەک چۆن رووداوێکی تونودوتیژی هەبووە، پێویستە لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت و بڕوام وایە کە سەرۆک شەرعیش هەمان شت دەکات. ئەو لێکۆڵینەوە دەکات لەوەی چۆن ئەمە روویداوە و پاشان ئەو کەسانەی بەرپرسن بە بەرپرسیار دادەنرێن. من تەنیا باوەڕی تەواوم هەیە کە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەودایە، لە بەرژەوەندی خەڵکی سووریادایە کە سووریایەکی یەکگرتوو هەبێت و پاشان سوودمەندێکی گەورەی سووریایەکی یەکگرتوو، هەرێمی کوردستانە. من دەرفەتی بازرگانی و دەرفەتی کار دەبینم و هەربۆیە زۆر سوپاسگوزاری سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپ بووم دووبارە و دووبارە بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە سووریا بدات. دووبارە و دووبارە، دۆناڵد ترەمپ باشترینی بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوێت. ئەو سەقامگیری دەوێت، پاشان لەوەوە ئاشتی و پاشان سەرکەوتنی ئابووری بۆ خەڵکی ناوچەکە.
رووداو: زۆر سوپاس
جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمان: نا، زۆر سوپاس بۆ ئەو پرسیارانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ