تەندروستیی حەلەب: هەسەدە 4 هاووڵاتیی کوشتووە و 18ـی دیکەی بریندار کردووە

دوێنێ کاژێر 05:33
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب رایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی "تۆپبارانەکانی هەسەدە" بۆ سەر گەڕەکەکانی شارەکە بەرزبووەتەوە؛ میدیای فەرمیی سووریاش دەڵێت، هێزە کوردییەکان رێگری لە خەڵک دەکەن بگەنە "رێڕۆییە مرۆییەکان" و دەیانەوێت وەک قەڵخان بەکاریان بهێنن.
 
رۆژی چوارشەممە 07-01-2026، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب (سەر بە حکومەتی دیمەشق) رایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی سڤیل بەهۆی تۆپبارانی هەسەدە بۆ سەر گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ 4 کوژراو و 18 بریندار بەرزبووەتەوە.
 
پەیامنێری ئاژانسی سانا لە حەلەب راگەیاندووە: "رێکخراوی هەسەدە رێگری لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکات بگەنە ئەو دوو رێڕۆییە مرۆییەی سوپای سووریا بۆ دەرچوونیان بۆ ناوچە ئارامەکان دیاری کردبوو."
 
میدیای فەرمیی سووریا هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی تەقە و تۆپبارانی ئاراستەی سەنگەرەکانی سوپا لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە کردووە، هەروەها "ئەو سڤیلانەشی کردووەتە ئامانج کە هەوڵیان داوە بگەنە رێڕۆیە مرۆییەکان."
 
پێشتر پارێزگاری حەلەب داوای لە دانیشتووان کردبوو رووبکەنە رێڕۆییە دیاریکراوەکان بۆ گەرەنتیکردنی دەرچوونیان بە سەلامەتی.
 
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیپێکردووە؛ هەردوولا یەکدی بە دەستپێشخەری تۆمەتبار دەکەن.
 
بەپێی دوایین ئاماری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە (فاتیمە حەمادە، مەسعوود فایق، خورشید عومەر (13 ساڵ)، شام دەلۆ (3 ساڵ)، حەسەن محەممەد و ژنێکی نەناسراو).
 
44 کەسی دیکە بریندار بوون، کە 26 کەسیان بەپێی ئاسایشی حەلەب لە نەخۆشخانەن.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی لە هێرشێکدا بۆ سەر خاڵێکی سەربازی پشتڕاستکردەوە.
 
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، حکومەت گەنجانی رفێندراو وەک "قەڵخانی مرۆیی" لەپێش تانکەکان بەکاردێنێت و یەکەم هێرشی تانکی بۆ سەر (گردی کاستێلۆ) تێکشکێنراوە.
 
حکومەتی سووریا هەسەدە بە "هەڵکشان" تۆمەتبار دەکات و گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە.
 
هەسەدە رایگەیاندووە زیاتر لە 80 تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە دەوروبەری گەڕەکەکانن. گەمارۆی تووند لەسەر ناوچەکە هەیە، 5 مانگە سووتەمەنی نەگەیشتووە. پارێزگاری حەلەب دەوامی فەرمیی لە قوتابخانە و زانکۆکان بۆ رۆژی چوارشەممە راگرتووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە