رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا دەڵێن، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان لە شاری قەرداحە، کە زێدی بنەماڵەی ئەسەدە، دەستیان بە "ئۆپەراسیۆنی تایبەت" کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانی تووند بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 185 کەس لە رۆژئاوای وڵاتەکە.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگرییەوە بڵاویکردەوە، "هێزەکانمان ئێستا بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی ئاسایشی گشتی، ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ورد دژی پاشماوەکانی رژێمی لەنێوچوو دەکەن، کە لە شاری قەرداحە لە هێز و خەڵکەکەیان داین."
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر سێ گوندی رۆژئاوای سووریا و دەیان کەسیان کوشتووە، ئەوەش دوای ئەو هێرشانەی لایەنگرانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رووخاوی سووریا بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی نوێ کردیان.
پێکدادانەکان، کە رۆژی پێنجشەممە دەستیان پێکرد و هەینی بەردەوام بوون، بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر حکومەتی نوێی سووریا دادەنرێن، لە کاتێکدا سەرکردە نوێیەکانی سووریا بەڵێنیان داوە دوای 14 ساڵ لە شەڕی نێوخۆی خوێناوی، وڵاتێکی نوێ بونیاد بنێن.
دیمەشق هێزی پشتیوانیی ناردە شارە کەنارییەکانی لازقیە، تەرتووس و گوندەکانی نزیک ئەو ناوچانە کە بە زێدی کەمینەی عەلەوی و بنکەی پشتیوانیی بنەماڵەی ئەسەد دادەنرێن.
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە 8ی کانوونی دووەم کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا. لەو کاتەوە چەند هێرشێکی تایفی دژی کەمینەی عەلەوی روویان داوە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی نوێ دەڵێن، رێگە بە سزادانی بەکۆمەڵ یان تۆڵەسەندنەوەی تایفی نادەن.
لە سەردەمی ئەسەددا، عەلەوییەکان پۆستی باڵایان لە سوپا و دەزگا ئەمنییەکان هەبوو. حکومەتی نوێ لایەنگرانی ئەسەدی تۆمەتبار کردووە بەوەی، لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییە نوێیەکانی وڵات.
دوایین پێکدادانەکان کاتێک دەستیان پێکرد، کە هێزەکانی حکومەت هەوڵیاندا کەسێکی داواکراو لە نزیک شاری جەبلە دەستگیر بکەن و لەلایەن لایەنگرانی ئەسەدەوە خرانە بۆسەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رۆژی هەینی رایگەیاند، لە کاتی بەردەوامبوونی شەڕدا، چەکدارانی لایەنگری حکومەتی نوێ هێرشیانکردە سەر گوندەکانی شیر، موختاریە و حەففەی نزیک کەناری دەریا و لانیکەم 69 کەسیان کوشت.
دواتر رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەکە رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "90 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشت،" لە نێویاندا شەش ژن؛ هەروەها گوتی 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 185 کەس بەرزبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی سانای سووری لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی نەناسراوەوە رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر کەس چوونەتە ناوچە کەنارییەکان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزە ئەمنییەکانی حکومەت. بەرپرسەکە گوتی: "ئەم کارانە بوونە هۆی هەندێک پێشێلکاریی تاکەکەسی و ئێمە کار بۆ راگرتنیان دەکەین."
بەیانیی رۆژی هەینی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حکومەت لە لازقیە بینران، کە بە گوێرەی هێزە ئەمنییەکان، لەوێ هەندێک "پێکدادانی بچووک" روویاندا. قەدەخەی هاتوچۆ لە شارەکە و ناوچە کەنارییەکانی دیکە بەردەوام بوو.
گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەموو لایەنەکان دەبێت خۆیان لە هەر کارێک بە دوور بگرن کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان، ناکۆکی بەرفراوانتر بکات، ئازاری کۆمەڵگە زیاتر بکات، سووریا ناسەقامگیر بکات و قۆناخی راگوزەری سیاسی متمانەپێکراو و فرەلایەن بخاتە مەترسییەوە."
جەنگی نێوخۆی سووریا کە لە ئاداری 2011 دەستیپێکرد، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی و دەربەدەربوونی ملیۆنانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ