رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای دەرعا، ماڵی بەرپرسێکی پێشووی سەردەمی بەشار ئەسەد تەقێنرایەوە و بەهۆیەوە سێ منداڵ برینداربوون.
بەپێی میدیای فەرمیی سووریا، خانووەکە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بۆمبڕێژکراوە و ئەمڕۆ شەممە تەقێنراوەتەوە.
تەقینەوەکە لە شاری شێخ مسکین لە گوندەواری دەرعا بووە، ماڵی عەبدولفەتاح رەحالە بوو، کە لە سەردەمی رژێمی ئەسەد دا پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای دەرعای بەدەستەوە بوو.
بەپێی میدیای سووریا، بەهۆی پەرش و بڵاوبوونەوەی شووشەی ماڵەکانی دەوروبەری شوێنی تەقینەوەکە، سێ منداڵ بریندار بوون.
هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی رووداوەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، هاوکات ئەم تەقینەوەیە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک رووداوی ئەمنیی دووبارەبووەوەدایە کە پارێزگای دەرعا بەخۆیەوە دەیبینێت.
عەبدولفەتاح رەحال، پێشتر پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی وەرگرتبوو، جگە لە چەند پۆستێکی دیکە لە سەردەمی رژێمی ئەسەد دا، لەوانە نەقیبی ئەندازیارانی کشتوکاڵی و سەرۆکی یانەی "ئەلشوعلە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ