شەرع لەگەڵ نێردەی ئەمریکا و فەرماندەی سێنتکۆم کۆبووەوە؛ ئاگربەست لە حەلەب راگەیێندرا

07-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی سێشەممە لە دیمەشق لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم کۆبووەوە.
 
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات، شەوی رابردوو هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا رێگەی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیان لە حەلەب داخست، لە ئەنجامی گرژییەکان کەسێکی سڤیل کوژرا و نزیکەی 50 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
راگەیاندنی ئاگربەست
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی سووریا، ئەحمەد شەرع پێشوازیی لە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم کردووە.
 
راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گفتوگۆ لەبارەی "پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا، رێگەکانی پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری" کرا.
 
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق لەگەڵ هەریەک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر؛ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە؛ مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و حوسێن سەلامە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی گشتیی سووریا کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا رایگەیاند، "لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتین." گوتیشی، ئاگربەستەکە دەستبەجێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە.
 
شەوی دووشەممە، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەربەستی خۆڵ داخست.
 
دوای داخستنی رێگاکان، کوردانی ناوچەکە رژانە سەر شەقامەکان. هێزە ئەمنییەکان سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دان، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقەکردن خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی نێو گەڕەکەکان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و پێکدادان روویدا. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوود رایگەیاند، لە رووداوەکاندا کەسێکی سڤیل کوژراوە و 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە