دوایین ئامار؛ لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57یش بریندارن

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

‌هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەردەوامە، بەگوێرەی دوایین ئامار تاوەکو ئێستا 8 کەس گیانیان لە دەستداوە و 57 کەسیش بریندارن.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاویکردەوە، لە گەڕەکی بەنی زەیدی شاری حەلەب، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دوو هاونیشتمانیی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و برینداری کردوون.
 
هەسەدە ڤیدیۆی دوو بریندارەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەرچەندە تیمەکانی فریاکەوتن هەوڵیان داوە بگەنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەکە بە چڕی و بەردەوامی بۆردوومان دەکرێت، نەیانتوانیوە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە بگوازنەوە، ئەمەش مەترسیی راستەقینەی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.
 
لە لایەکی دیکەوە ئەنجوومەنی تەندروستیی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود رۆژی پێنجشەممە 8-01-2026 دوایین ئاماری قوربانییانی هێرشەکەی سوپای عەرەبیی سووریای بۆسەر هەردوو گەڕەکەکە بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە بۆ 8 کەس بەرزبووەتەوە و 57 کەسیش بریندارن.
 
 
هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر هەردوو گەڕەکەکە، کە لە رۆژی سێشەممەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس. بەرگریی شارستانیی سووریا دەڵێت، پێشوازییان لە 3000 ئاوارە کردووە. هەروەها باس لەوە دەکرێت، 20 هەزار ئاوارەی عەفرین کە پێشتر روویان لەو دوو گەڕەکە کردبوو، ئێستا گەڕاونەتەوە عەفرین.
 
بەگوێرەی هەسەدە، حکومەتی سووریا زیاتر لە دوو هەفتەیە گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب و رێگە نادات سووتەمەنی و پێداویستیی پزیشکی بچێتە ژوورەوە. ئەمەش وایکردووە نەخۆشخانەکان لەکار بکەون و موەلیدەکانی کارەبا بوەستن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە