رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشکرای دەکات کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، هێڵێکی پەیوەندیی لەگەڵ واشنتن، پاریس و ئەنقەرە کردووەتەوە؛ ئامانجیشیان ئەوەیە ئەو وڵاتانە ببنە نێوەندگیر لەگەڵ دیمەشق بۆ رێگریکردن لە هەر کۆمەڵکوژییەک.
رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتن، پاریس و ئەنقەرە لەسەر پێشهاتەکانی حەلەب بەردەوامە. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو وڵاتانە وەک نێوەندگیر لەنێوان ئێمە و دیمەشق کاربکەن."
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان بەکارهێنانی "زمانی ژیری و لۆژیکە" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بێ ئەوەی دۆخەکە بگاتە ئاستی سەربازی یان "کۆمەڵکوژی دژی سڤیلەکان."
هۆشداری لەو گرووپانەی لە حەلەب جێگیرکراون
ئەو سیاسەتڤانە کوردە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەو هێزانەی ئێستا لە دەوروبەری شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە جێگیرکراون و گوتی: "چەندین گرووپ کە پێشتر لە لازقییە و سوەیدا کۆمەڵکوژییان کردووە، ئێستا لە نزیک ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود جێگیرکراون؛ نازانم حکومەتی سووریا چ سوودێک لەم هاندانی پێشێلکارییانە دەبینێت."
ئیلهام ئەحمەد باسی لە مێژووی گەمارۆدانی ئەو دوو گەڕەکە کرد و گوتی، لە سەردەمی "رژێمی پێشووشدا" گەمارۆ و هێرش هەبووە و دوای گۆڕانکارییەکانیش هەر بەردەوامە. جەختیشی کردەوە کە چارەسەر دەبێت "سووری-سووری" بێت، بەڵام دەستوەردانی هێزە ئیقلیمییەکان کە بەرژەوەندییان لە سووریادا هەیە، بووەتە ئاستەنگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ