وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەرزی شەرەفیان لەسەرە بەرامبەر کورد

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هێرشی هێزەکانی رژێمی سووریا بۆ سەر کورد لە شاری حەلەب، مەترسیدارن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و رۆژئاوا بە تایبەتی، قەرزاری شەرەفی ئەو کوردانەن کە ئازایانە و سەرکەوتووانە دژی داعش جەنگان.
 
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی دۆخی حەلەب رایگەیاند، "بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی هەڵکشان و زیاتربوونی تووندوتیژییەکان لەلایەن رژێمی سووریاوە."
 
لە رۆژی سێشەممەوە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کەوتوونەتە بەر هێرشی تووندی سوپای عەرەبیی سووریا.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئاشکرای دەکات، لە ئەنجامی هێرش و بۆردوومانی سێ رۆژی رابردووی سوپاکە، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 57ـی دیکەش بریندار بوون.

رۆژی پێنجشەممە 8-1-2026 ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە راگەیێندراوێکدا ئاماری زیانەکانی سێ رۆژ بۆردوومانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو گرووپانە بە تۆپ، مووشەک، تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ناوچە نیشتەجێنشینەکان دەکەنە ئامانج.
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەوەشی گوتووە، "سەرکوتکردنی سیستماتیک و خوێناوی کەمینە جیاوازەکانی سووریا، پێچەوانەی بەڵێنەکانی سووریایەکی نوێیە."
 
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە هەزاران کەس ئاوارە بوون. بەرگریی شارستانیی سووریا دەڵێت، پێشوازییان لە 3000 ئاوارە کردووە. هەروەها باس لەوە دەکرێت، 20 هەزار ئاوارەی عەفرین کە پێشتر روویان لەو دوو گەڕەکە کردبوو، ئێستا گەڕاونەتەوە عەفرین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە