رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی شەڕی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەربڕی. ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای عەرەبی سووریا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی دیکەی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بەنی زەید.
ئەنوەر ئەلعەنوونی، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی پێنجشەممە، 08-01-2026 لە راگەیێنراوێکدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دانبەخۆدا بگرن و پاراستنی گیانی سڤیلەکان بکەنە کاری لە پێشینەی خۆیان.
گوتەبێژەکەی یەکێتی ئەورووپا دەڵێت، "ئێمە داوا دەکەین رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و لە رێگەی زمانی دیپلۆماسی و ئاشتییانەوە چارەسەری کێشەکان بدۆزنەوە".
یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریداوە لە بەرزترین ئاستدا دەستوەردان بکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بڕیارە ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا بە سەردانێکی فەرمی بگەنە دیمەشق تاوەکو لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا گفتوگۆ بکەن.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە رێگریکردنە لە سەرکوتکردنی پێکهاتە و نەتەوەکان و جێگیرکردنی رەوشی ئەمنیی وڵاتەکە لەم قۆناخەدا.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان ئێستا لە پاریس، خولێکی نوێی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ