ئاسایشی حەلەب: گەمارۆی سەر گەڕەکەکان تووندتر کراوە

08-01-2026
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئاشکرای دەکات، لە ئەنجامی هێرش و بۆردوومانی سێ رۆژی رابردووی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57ی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026 ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە راگەیێندراوێکدا ئاماری زیانەکانی سێ رۆژ بۆردوومانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو گرووپانە بە تۆپ، مووشەک، تانک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) ناوچە نیشتەجێنشینەکان دەکەنە ئامانج.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شەوی رابردوو بۆردوومانەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی هاونیشتمانییان چڕتر کراونەتەوە، بۆئەوەی زۆرترین قوربانیی لێبکەوێتەوە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر چەکدار کە لەنێویاندا بیانی هەن، لەگەڵ تانک و زرێپۆش رەوانەی ناوچەکە کراون بۆ تووندکردنەوەی گەمارۆکان.
 
ئاسایشی حەلەب دەڵێت، ئەو هێزانە شکستیان هێناوە لەوەی لە میحوەری کاستێلۆوە پێشڕەوی بکەن، بۆیە پەنایان بۆ "سزای بەکۆمەڵ" بردووە؛ کارەبایان بڕیوە و رێگری دەکەن لەوەی خۆراک و دەرمان بگاتە دەست دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئاسایشی حەلەب هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامیی ئەم دۆخە ئەنجامی مەترسیداری دەبێت و لایەنە هێرشبەرەکان بە پێشێلکردنی "رێککەوتنی 1ـی نیسان" تۆمەتبار دەکات.
 
لە رۆژی سێشەممەوە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کەوتوونەتە بەر هێرشی تووندی سوپای عەرەبیی سووریاوە.
 
هەسەدە، رایگەیاندووە حکومەتی سووریا زیاتر لە دوو هەفتەیە گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب و رێگە نادات سووتەمەنی و پێداویستیی پزیشکی بچێتە ژوورەوە. ئەمەش وایکردووە نەخۆشخانەکان لەکار بکەون و مۆلیدەکانی کارەبا بوەستن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئەو فرۆکەیەی ئەمڕۆ نیشتەوە.

دوای 18 مانگ یەکەم فڕۆکەی سڤیل لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ نیشتەوە

دوای وەستانێکی درێژخایەن، یەکەم فڕۆکەی مەدەنیی سووری لە دیمەشقەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ نیشتەوە. ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بۆ دووبارە کاراکردنەوەی فڕۆکەخانەکە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ تەنیا بۆ کاروباری سەربازی بەکاردەهات.