سێنتکۆم: بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعش هاوکاری هەسەدەمان کرد

08-03-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، بە هاوکاری ئەوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) توانی سەرکردەیەکی داعش لە سنووری پارێزگای دێرەزووری سووریا دەستگیر بکات. 
 
رۆژی شەممە، 8ـی ئاداری 2025، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "رۆژی 6ـی ئادار، لە ناوچەی شحێل هەسەدە بە هاوکاری هێزەکانی سێنتکۆم ئۆپەراسیۆنێکی کرد و توانی سەڵاح محەممەد عەبدوڵـڵا، سەرکردەی داعش دەستگیربکات". شارۆچکەی شحێل لە سنووری پارێزگای دێرەزوورە. 
 
سێنتکۆم دەشڵێت، لەو هەڵمەتەدا هەسەدە دەستی بەسەر قەناسێکی 12.7 ملم، چەکێکی ئەی کەی 47، ژمارەیەک نارنجۆک و چەند پارچە چەکێکی دیکەدا گرت. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هەڵمەتەکەی هەسەدە بەشێکە لە کەمپەینی دژی داعش و گەڕانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانە بۆ ناوچەکە. هەروەها، سێنتکۆم بە دابینکردنی پاڵپشتی تەکنیکی و هەواڵگری هاوکاری هەسەدەی کرد. 
 
سێنتکۆم جگە لە هاوکاریکردنی هەسەدە بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە "تیرۆرستییەکان، خۆشی ناو بە ناو سەرکردەکانی ئەو گرووپانە بە ئامانج دەگرێت. رۆژی شەممە، 1ـی ئاداری 2025، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، رۆژی 23ـی شوبات، لە باکووری رۆژئاوای سووریا هێرشێکی وردیان کردووە، ئامانجی هێرشەکە محەممەد یوسف زیا تەڵای، فەرماندەی باڵای رێکخراوی حوراسەدین بووە و کوشتوویانە.
 
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2024، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی لە ساڵی 2024 دژی داعش بڵاوکردەوە. 
 
هەسەدە رایگەیاند، پار 98 ئۆپەراسیۆنی بۆسەر پێگەکانی داعش ئەنجامداوە و 17 کەسی لە رێکخراوەکە کوشتوون کە شەشیان سەرکردە بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ساڵەدا 278 چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. 
 
لەبارەی هێرشەکانی داعشیش بۆ سەر هێزەکە، هەسەدە باس لەوە دەکات، پار داعش 113 هێرشی کردوەتە سەر هێزەکانی و پێشوەختەش 43 هێرشی ئەو رێکخراوە پەڕگیرەی شکست پێهێناوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە