لە سووریا وێنەی بەشار ئەسەد دەخرێتە سەر گۆرەوی؛ 'خواستی زۆر لەسەرە و بەرناکەوێت'

08-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
 وێنەی بەشار ئەسەد و خێزانەکەی لەسەر گۆرەوی دەنەخشێندرێن.
وێنەی بەشار ئەسەد و خێزانەکەی لەسەر گۆرەوی دەنەخشێندرێن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بازاڕی گەورەی حەمیدییە لە ناوەندی دیمەشقی پایتەختی سووریا، پێشتر وێنەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا لەسەر دیوار و شوێنە بەرزەکان هەڵدەواسرا، بەڵام ئێستا کەوتووەتە ژێر پێیان و لەسەر گۆرەوی وێنەکەی چاپ دەکەن.
 
زیاد زەعوات، دووکاندارە و دەڵێت: "خواست لەسەری زۆر بووە، بۆیە بەرهەمی رۆژانە بۆ دوو هەزار و سێ هەزار جووت زیادیکردووە، تەنانەت هەندێک کەس پێشەکی پارە دەدات بۆ ئەوەی دەستی بکەوێت."
 
ئێستا ئەو بازرگانییە نوێیە جمەی دێت و لە بازاڕەکان بەرناکەوێت. لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، نزیکەی 200 هەزار جووت لەو جۆرە گۆرەوییە دروستکراوە.
 
وێنەکانی ئەسەد و بنەماڵەکەی بەشێوەیەکی کاریکاتێری لەسەر گۆرەوییەکان کێشراون و لەسەر هەندێکیشیان چەند پەیامێک نووسراون، وەکو "ملدرێژ" یان لەسەر وێنەی ماهیری برای بەشار نووسراوە "پاشای کاپتاگۆن". 
 
لە کولتووری عەرەبی، پێنان بە وێنەی کەسێک بە بێڕێزی دادەنرێت؛ بیرۆکەی ئەم گۆرەوییەش بۆ ئەو کولتوورە دەگەڕێتەوە.
 
باسل ساعتی، دووکاندارێکی دیکەیە و دەڵێت: "هەموو ئەوانەی لە دەرەوە دێت و دەیانەوێت گۆرەوی بکڕن یان وەکو یادگاریی هەڵیگرن، هەندێکیش هەر بۆ گاڵتەپێکردن لەپێی دەکەن و وێنەی دەگرن. هەندێکیش تەنیا بۆ ئەوەی بەسەریدا بڕۆن دەیکڕن."
 
بنەماڵەی ئەسەد زیاتر لە 50 ساڵ حوکمی سووریایان کرد و بەشار بۆ 25 ساڵ سەرۆک بوو، لە هەشتی کانوونی دووەمی پار، لەدوای 14 ساڵ لە شەڕ و کوشتار، دەسەڵاتی بەشار کۆتایی هات و خۆی و خێزانەکەی بۆ رووسیا هەڵهاتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە