هۆڵەندا دۆخی ئەمنیی سووریا بە 'ناسک' و 'ناجێگیر' ناودەبات

08-06-2025
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، دۆخی ئەمنی لە سووریا "ناسک"، "ناجێگیر" و "پڕ لە گۆڕانکاری" ماوەتەوە.
 
حکومەت لە مانگی ئایاردا رایگەیاند، چی دیکە ئەو جۆرە راپۆرتانە بڵاوناکاتەوە کە تێیاندا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتانی بیانی دەکرێ و بۆ یارمەتیدان لە بڕیاردان لەسەر داواکارییەکانی پەنابەری بەکاردەهێنرێن، ئەوەش لەلایەن پارێزەر و گرووپە چالاکڤانانەوە رەخنەی زۆری لێگیرا.
 
ئەو هەنگاوە دوای کەیسێکی دادگە هات کە پەیوەندی بە پەنابەرێکی سووریاییەوە هەبوو کە داواکارییە سەرەتاییەکەی رەتکرابووەوە و تانەی لەو بڕیارە دا.
 
هۆڵەندا لە کانوونی یەکەمەوە پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ داواکاریی پەنابەرانی سووریای راگرتووە، لە کاتێکدا روون نییە کاریگەریی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد چی دەبێت و ئایا گەڕانەوەی خەڵک سەلامەتە یان نا.
 
بە گوێرەی میدیای هۆڵەندا، نوێترین راپۆرت کە لە مانگی ئایاردا نووسراوە، باس لە دۆخێکی زۆر ناجێگیر لە سووریا دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەکات.
 
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر گرژییە تائیفییەکان، هێرشە نوێیەکانی داعش، ململانێی چەکداری نێوان گرووپە پشتیوانیکراوەکانی تورکیا و هێزەکانی هەسەدە دوای کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد، و هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە وڵاتەکەدا.
 
راپۆرتەکە دەڵێت: "بەگشتی، وڵاتەکە هێشتا بەشێوەیەکی چڕ بە سەربازی کراوە، لەگەڵ بوونی چەندین گرووپی چەکداری و بڕێکی زۆر چەک لە بازاڕ"؛ هەروەها دەڵێت: "گرژییە تائیفییەکان چەندین جار پەرەیان سەندووە بۆ تووندوتیژیی مەترسیدار و بەرفراوان."
 
میدیای هۆڵەندا دەڵێت، لە کاتێکدا راپۆرتەکە هەڵسەنگاندنی کۆتایی پێشکێش ناکات لەسەر ئەوەی ئایا سووریا یان هەر کام لە ناوچەکانی سەلامەتن، بەڵام ئەنجامی ئەوەیە کە تاوەکو مانگی نیسانی ئەم ساڵ وڵاتەکە "ناسک"، "ناجێگیر" و "پڕ لە گۆڕانکاری" ماوەتەوە.
 
سەرەڕای ئەو دۆخە، بەپێی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، زیاتر لە نیو ملیۆن سووریایی لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە گەڕاونەتەوە، کە زۆربەیان لە لوبنان و تورکیای دراوسێوە بوون.
 
نزیکەی 250 سووریایی بە پشتیوانیی حکومەت لە هۆڵەنداوە گەڕاونەتەوە، هەرچەندە روون نییە چەند کەسی دیکە لەوانەیە بە شێوەی سەربەخۆ و خۆیان گەڕابنەوە. هۆڵەندا ئێستا میوانداریی نزیکەی 165 هەزار پەنابەری سووریایی دەکات.
 
راپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە ئەوانەی دەگەڕێنەوە ڕووبەڕووی دۆخی خراپ دەبنەوە. راپۆرتەکە دەڵێت: "یەکێک لە کۆسپە زۆرەکانی بەردەم گەڕانەوەی سووریاییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ وڵاتی خۆیان، زیانگەیاندن یان وێرانکاریی بەرفراوانی خانووبەرە و ژێرخانی مەدەنییە." زۆرێک دەبینن خانووەکانی پێشوویان وێران بوون، شیاوی ژیان نین یان داگیرکراون".
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانوویەک کە بە بۆردوومانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا وێران بووە. وێنە: رووداو

رووداو لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە سووریا؛ شایەتحاڵان باسی "شەوێکی پڕ لە ترس" دەکەن

تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو چووە گوندی بێت جن لە باشووری سووریا، تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوەی هێزێکی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لەنێو گوندەکەدا کرد کە بەهۆیەوە 13 کەس کوژران و زیاتر لە 20ـی دیکەش بریندار بوون. پەیامنێری رووداو لەگەڵ شایەتحاڵانی رووداوەکە قسەی کرد کە باسیان لە "شەوێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن" و هێرشی "فڕۆکە، گوللـەتۆپ و مووشەک" کرد