رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەنگۆی هەڵمەتی گرتن و ئاوارەکردنی کریستیانەکانی لە ناوچەی قەسیری سەر بە پارێزگای حومس رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەوانەی دەستگیرکراون تاوانبارن.
نوورەدین بابا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "هەندێک پەیجی گومانلێکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆیان بڵاوکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حومس ژمارەیەک هاووڵاتییان لە پێکهاتەی مەسیحی لە ناوچەی قەسیر دەستگیرکردووە و 'بە درۆ' بانگەشەی بوونی هەڵمەتی ئاوارەکردنیان کردووە."
نوورەدین بابا گوتی: "لەسەر بنەمای پرەنسیپی شەفافیەت و متمانەپێکراو، ناویان هاتووە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و دەرکەوتووە کە ئەوان تاوانبارن."
بابا روونیکردەوە، ئەو تاوانانەی ئەو ناوانە لەسەریان بانگهێشت کراون، بریتین لە "کوشتن، دەستدرێژیی سێکسی و ساختەکردنی تۆمارەکانی موڵکداری کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو، ئەوەش بە پشتبەستن بە دانپێدانانەکانیان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا و بە سەرپەرشتیی دادگەی مەدەنی و داواکاری گشتیدا بووە."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد "وریا بن و شوێن دەنگۆکان نەکەون، هەواڵەکان لە سەرچاوە فەرمی و متمانەپێکراوەکانەوە وەربگرن، چونکە ئامانج لەم هەڵمەتانە بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگەیە."
ئەمڕۆ دووشەممە، رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، ئەوەی باسکراوە لە قەبارەی خۆی گەورەتر کراوە و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی کریستیانەکان راست نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ