رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سووریا لە یەکەمین ساڵیادی رووخانی دەسەڵاتی بەعسدا رایگەیاند، "لاپەڕەی رەشی مێژووی وڵاتمان پێچایەوە" و دەڵێت، سووریا گەڕاوەتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانی و بووەتەوە جێگەی سەرسامیی جیهان.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، لە کۆشکی کۆنفرانسەکان لە دیمەشق گوتارێکی پێشکێش کرد. شەرع ستایشی ئەوانەی کرد کە بە "قارەمان" ناوی بردن و گوتی: "بە خوێنی خۆیان وڵاتیان رزگار کرد."
سەرۆکی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، لە 50 ساڵی رابردوودا هەوڵدراوە ناسنامەی سووریا دابماڵرێت و "چەندین جار زیندەبەچاڵی بکەن"، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. بە گوتەی شەرع: "قۆناخی پێشوو لاپەڕەیەکی رەش بوو لە مێژووی وڵاتدا، کە تێیدا ستەمکار بۆ ماوەیەک حوکمی دەکرد، بەڵام تەنیا لە یەک ساڵدا، سووریا بووەوە جێگەی سەرنجی جیهان و چیرۆکەکانی لە بەزەییەوە بۆ سەرسامی گۆڕدران."
ئەحمەد شەرع رەخنەی تووندی لە رژێمی پێشوو گرت بەوەی "ئاژاوە و دووبەرەکیی لەنێوان خەڵکدا چاندووە" و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و گەلی بۆ "گرێبەستێکی تۆقێنەر" گۆڕیبوو.
سەرۆکی سووریا گوتیشی: "خەڵکیان هەژار و نەخوێندەوار کرد، تاوەکو وشە بووە تاوان، داهێنان بووە پەڵە و خۆشەویستیی نیشتمان بووە تۆمەت."
سەبارەت بە دۆخی ئێستا و داهاتووی وڵات، سەرۆکی سووریا رایگەیاند، پچڕانی پەیوەندیی مێژووییان لەگەڵ "میراتی ستەمکاری" راگەیاندووە و "بەرەبەیانێکی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەری و پێکەوەژیان دەستیپێکردووە."
شەرع روونیکردەوە: "هێزە سەربازییە جیاوازەکانمان لە سوپایەکی یەکگرتوودا تێکەڵ کردووە، کە بووەتە هۆی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، ئەحمەد شەرع جەختی لەوە کردەوە، کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ رژێمی پێشوو، تەنیا سەرەتای شەڕێکی نوێیە لە گۆڕەپانەکانی کارکردندا؛ "شەڕی وەفاداری بۆ بەڵێنەکان، یەکخستنی گوتار و کردار و جێبەجێکردنی بەهاکان لە واقیعدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ