تۆم باراک: کار بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەکەین

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند، پێشوازی لەو ئاگربەستە کاتییە دەکەن کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە راگەیێندراوە و کار بۆ درێژکردنەوەی دەکەن. 
 
رۆژی هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ویلایەتە یەکگرتووەکان بە گەرمی پێشوازی لەو ئاگربەستە کاتییە دەکات کە شەوی رابردوو لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مه‌قسوودی حەلەب هاتە ئاراوە". دەشڵێت، وڵاتەکەی "سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی هەموو لایەنەکان دەکات، حکومەتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات، دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەو دانبەخۆداگرتن و نیەتە باشەی کە وایکرد ئەم راگرتنە گرنگە پێکبێت".
 
شەوی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، لە کاژێر 3ی بەیانی بۆ 9ی بەیانی ئاگربەستە و رێگە بە دەرچوونی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەدەن. 
 
باراک لە نووسینەکەیدا گوتیشی، "بە چڕی کار دەکەین بۆ درێژکردنەوەی ئەم ئاگربەستە و ئەم گیانی لێک تێگەیشتنە بۆ دوای مۆڵەتی کاتژمێر 9ی بەیانیی ئەمڕۆ." ئاماژەی بەوەش کرد، "بە هەماهەنگییەکی بەردەوام و بە فەزڵی خودای تاقانە کە هەموو پێکهاتەکانمان هەرکەسە و بە جۆری خۆی رێزی لێ دەگرێت، ئومێدەوارین ئەم کۆتایی هەفتەیە ئارامییەکی بەردەوامتر و دیالۆگێکی قووڵتر بەدی بهێنێت".
 
لە کۆتایی نووسینەکەیدا باراک گوتی، "لە کاتی تەنگژەکاندا، زۆرجار روونی و تێگەیشتنێکی نوێ سەر هەڵدەدات. ئەم ئاگربەستە دەستپێکی کارێکی گرنگە بۆ ئاڕاستەکردنی رێڕەوە جیاوازەکانی سووریا بۆ سەر یەک شاڕێی هاوبەش بەرەو ئاسایش، گشتگیری و ئاشتییەکی بەردەوام. رەنگە کۆسپ و تەگەرە بێنە پێش، بەڵام ئامانجی هاوبەشمان بە روونی هەماهەنگی لەبری رووبەڕووبوونەوە پەسند دەکات".
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکان کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لە بەرامبەردا بە تووندی بەرگرییان کرد.

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە