رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ تووندبوونەوەی شەڕ و کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکەی حەلەب، حکومەتی سووریا رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ پێشوازیکردن لەو خەڵکەی لە گەڕەکە کوردنشینەکانەوە ئاوارە دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان ناوەندی کردووەتەوە.
رۆژی هەینی 09-01-2026 وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاری سووریا رایگەیاند، 64 ناوەندی حەوانەوەیان لە پارێزگای حەلەب کردووەتەوە بۆ پێشوازیکردن لە 27 هەزار و 560 خێزانی ئاوارە.
بەپێی ئامارەکەی حکومەتی دیمەشق، ژمارەی ئەو کەسانەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و دەوروبەریان ئاوارە بوون، گەیشتووەتە نزیکەی 140 هەزار کەس.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لیژنەی ناوەندیی بەدەمەوەچوونی حەلەب تیمەکانی خستووەتە ئامادەباشی بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئاوارەکان.
حکومەتی سووریا بانگەشەی ئەوە دەکات، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دوو رێڕۆی مرۆیی بەناوەکانی (عەوارز) و (شەقامی زوهوور) کردووەتەوە، بۆئەوەی خەڵک لە ناوچەی شەڕ رزگاریان ببێت.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا - سانا، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی "رێگری لە خەڵک دەکەن بگەنە ئەو رێڕۆیانە و تەقەیان لێدەکەن،" لە کاتێکدا لایەنی کوردی جەخت دەکاتەوە کە سوپای سووریا بە چەکی قورس تۆپبارانی خەڵکی سڤیل دەکات.
دۆخی حەلەب گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و مەترسیدار. دوای ئەوەی سوپای سووریا قەدەخەی هاتووچۆ و وادەی کۆتایی بۆ کشانەوە راگەیاند، شەڕڤانان رەتیانکردەوە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن و قەیرانی مرۆیی قووڵتر بووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا بەرەبەیانی هەینی ئاگربەستێکی بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە راگەیاند، کە تاوەکو کاژێر 9:00ـی بەیانی بەردەوام بوو، ئامانج لێی کشانەوەی شەڕڤانان بوو بەرەو رۆژهەڵاتی فوڕات.
ئاسایشی نێوخۆیی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) بە فەرمی کشانەوەیان رەتکردەوە و بە "بانگەواز بۆ خۆبەدەستەوەدان" وەسفیان کرد و جەختیان کردەوە کە "دانیشتووان سوورن لەسەر مانەوە و بەرگری."
بەپێی ئامارە نوێیەکان، نزیکەی 140 هەزار کەس ئاوارە بوون. نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شێخ مەقسوود بۆردوومان کراوە و لەکار کەوتووە.
حکومەتی سووریا دەڵێت، "هەسەدە گەڕەکەکانی کردووەتە سەربازگە بۆ هێرشکردنە سەر سوپا و خەڵک وەک قەڵخان بەکاردەهێنێت." بانگەشەی ئەوە دەکات 7 سڤیل بەهۆی تەقەی هەسەدەوە کوژراون.
لایەنی کوردی دەڵێن، سوپای سووریا بە تانک و تۆپ گەڕەکەکان دەکاتە ئامانج. بەپێی ئاسایشی نێوخۆیی حەلەب 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 58 بریندار هەن (سەرچاوە پزیشکییەکان باس لە 20 گیان لەدەستدان دەکەن).
ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە دیمەشقە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەتەوە، بەڵێنی هاوکاری بۆ ئاوەدانکردنەوە دەدات بە مەرجی پاراستنی پێکهاتەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ