رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەلەب داوا لە دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و بەنی زەید دەکات، گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان دوابخەن. بە گوتەی خۆی، "گرووپە تووندڕۆکانی نێو هەسەدە" رێگری لە رێککەوتنی دەرچوونی شەڕڤانان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکەن.
عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، وەزارەتی بەرگری رێڕۆیەکی مرۆیی لە دەروازەی "عەوارید" کردووەتەوە، داوای لە دانیشتووان کرد "وریا بن" و پەیڕەوی رێنوێنیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن.
غەریب ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەی ناوەندیی بەدەمەوەچوونی حەلەب ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی شێخ مەقسوود و پێشکێشکردنی هاوکاریی پێویست.
ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە ئاگربەستێکی ناسک لە کاژێر 4:00ی ئێوارە بۆ 6:00ی ئێوارەی هەینی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سووریاوە راگەیێندرا، وەک مۆڵەتێک بۆ ئەندامانی ئاسایش کە لە شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید بە چەکی سووکەوە بکشێنەوە و چەکە قورسەکانیان جێبهێڵن. سوپای عەرەبیی سووریا هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات، رێڕۆیەکی ئارام بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکاتەوە.
شەڕ و پێکدادانەکان رۆژی سێشەممە لەنێوان هێزەکانی حکومەت و ئاسایشی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەستیانپێکرد، بە تووندترین تووندوتیژی دادەنرێت لەدوای رووخانی حکومەتی پێشوو لە کۆتایی 2024. شەڕەکە دوای شکستهێنانی گفتوگۆکان دێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی ئاداری 2025، کە ئامانجی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو لەنێو دامەزراوە ناوەندییەکانی سووریا.
سەرچاوەکانی حکومەت رایانگەیاند، سوپا تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەشێکی زۆری ئەشرەفییەیان کۆنترۆڵکردووە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەوێ بڵاوەیان پێکراوە، هاوکات ئۆپەراسیۆنەکان بەرەو شێخ مەقسوود چڕبوونەتەوە. دەسەڵاتداران هەسەدە تۆمەتبار دەکەن بە هێرشکردنە سەر ناوچە سڤیلنشینەکان، لەکاتێکدا ئاسایشی گەڕەکە کوردنشینەکان دەڵێت، تۆپباران و هێرشی درۆنیی حکومەت ناوچە سڤیلنشینەکانی کردووەتە ئامانج و خەڵکی سڤیلی کوشتووە.
ژمارەی قوربانییان جیاوازە؛ ئاسایشی گەڕەکە کوردنشینەکان باس لە کوژرانی 12 کەسی سڤیل و برینداربوونی دەیان کەس دەکەن لە گەڕەکەکانیان، لە بەرامبەردا بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا ئاماژە بە کوژرانی 7 بۆ 9 کەسی سڤیل دەکەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت. بەگشتی، بەپێی ئامارەکان لە رۆژی سێشەممەوە لانیکەم 21 کەس کوژراون.
تووندوتیژییەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 140 هەزار کەس، کە دەیان هەزاریان لە رێگەی رێڕۆیە مرۆییەکانەوە هەڵاتوون. قەدەخەی هاتووچۆ لە چەند گەڕەکێک سەپێندراوە، لەنێویاندا سێ گەڕەکە سەرەکییە کوردنشینەکە.
ئەنجوومەنی گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە داواکارییەکانی کشانەوەیان رەتکردەوە و بە "بانگەواز بۆ خۆبەدەستەوەدان" ناویان برد، هاوکات بەڵێنی بەرگریکردنیان لە گەڕەکەکانیان دا و هێزەکانی حکومەتیان بە تۆپبارانی چڕ تۆمەتبار کرد.
رۆژنامەڤان لوئەی ئەبو جوود، رۆژی هەینی لە دەوروبەری شێخ مەقسوودەوە بە رووداوی گوت، پاس چووەتە نێو شێخ مەقسوود بۆ گواستنەوەی شەڕڤانان، بەڵام بەهۆی نوێبوونەوەی گرژی و تەقەکردنەوە، بە بەتاڵی گەڕاونەتەوە.
شەڕ و پێدادانەکان ئاماژەن بۆ بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان حکومەتی راگوزەر سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. دیمەشق داوا دەکات هەسەدە هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەندامانی تاک تاک بچنە نێو سوپای نوێ سووریا کە خۆی بە سوپای عەرەبیی سووریا ناو دەبات، هەسەدەش کە بە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دادەنرێت، داوا دەکات بەم پێکهاتە و فەرماندەیی خۆیەوە ببێتە بەشێک لە سوپاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ