ئاسایشی حەلەب: ئەو شوێنەی سوپا نەخشەکەی بڵاوکردووەتەوە نەخۆشخانەیە؛ "ئەمە بەڵگەی تاوانی جەنگە"

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سوپای سووریا نەخشەی خاڵێکی لە نێو گەڕەکی شێخ مەقسوود بڵاوکردەوە و هەڕەشەی هێرشکردنەسەری کرد، هێزەکانی ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، ئەو شوێنە "نەخۆشخانەی خالید فەجر"ە و ئەم کارەی سوپا بە "تاوانی جەنگ" وەسف دەکات.
 
ئێوارەی هەینی 09-01-2026 وەزارەتی بەرگریی سووریا نەخشەیەکی نوێی بڵاوکردەوە، تێیدا بازنەیەکی سووری خستووەتە سەر خاڵێک بە کۆدی (36.234943, 37.1516633) لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و نووسیویەتی، "سوپای عەرەبیی سووریا گورزی چڕ ئاراستەی ئەم شوێنە دەکات، کە رێکخراوی هەسەدە کردوویەتییە پێگەی سەربازی."
 
لە وەڵامدا، ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) رایگەیاند، "ئەو نەخشەیەی وەزارەتی بەرگریی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردووەتەوە، شوێنی نەخۆشخانەی (خالید فەجر)ی مەدەنییە."
 
ئاسایشی حەلەب ئاشکرای کرد، کە ئەم نەخۆشخانەیە "لە دوێنێوە چوار جار تۆپباران کراوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوێکدا هاتووە، "دیاریکردنی بنکەیەکی پزیشکیی مەدەنی لەسەر نەخشەی ئامانجەکان، بەڵگەی یەکلاکەرەوە و بەڵگەنامەییە لەسەر نیازی پێشوەختە بۆ تاوانکاری و بە تاوانێکی جەنگی تەواو وەسف دەکرێت."
 
ئاسایشی حەلەب دەڵێت، "ئەم نەخشەیە خۆی لە خۆیدا دانپێدانان و سەرکۆنەکردنی روونی حکومەتی دیمەشقە" و بەرپرسیارێتیی هەر زیانێک کە بەر سڤیلەکان و ژێرخانی تەندروستی بکەوێت، دەخەنە ئەستۆی سوپای سووریا.
 
ململانێی حەلەب پێی ناوەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە، کە تێیدا شوێنە گشتییەکان وەک ئامانجی سەربازی دەناسێندرێن.
 
سوپای عەرەبیی سووریا زنجیرەیەک نەخشە و وێنەی ئاسمانیی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لە بۆردوومانکردنیان. دوایین نەخشە شوێنێکە لە نزیک مزگەوتی سەلاحەدین. سوپا دەڵێت "پێگەی پەکەکە و هەسەدەیە."
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی ئاسایشی حەلەب، 12 سڤیل گیانیان لەدەستداوە. حکومەتیش باس لە 7 بۆ 9 قوربانی دەکات لە ناوچەکانی خۆی. بەگشتی 21 کوژراو هەن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە 4 نەخۆشخانە لەکار کەوتوون، لەنێویاندا نەخۆشخانەی (خالید فەجر) کە ئێستا سوپا بە فەرمی کردوویەتییە ئامانج.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە