رووداو دیجیتاڵ
وەزیری راگەیاندنی سووریا لەبارەی گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی شاری حەلەب روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەوەی روویدا "رێکاری ئەمنی و سەربازی" بووە "دژی دۆخێکی یاخیبوون"، جەختیش دەکاتەوە "کورد هاوبەشمانن لە ئاییندەی سووریا و گرێبەستی هاووڵاتیبوون کۆماندەکاتەوە."
ئەمڕۆ هەینى 9ى کانوونى دووەمى 2026 حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی سووریا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) لەبارەی دۆخی شاری حەلەب رایگەیاند، "ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا روویدا، رێکارێکی سەربازی و ئەمنی بووە و بەدەنگەوەهاتنی یاخیبوونێک بووە، کە هەندێک هێز ماوەیەکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدەن، تاوەکو ناوچەکە بخەنە دەرەوەی لۆژیکی دەوڵەت و دامەزراوەکان."
بە گوتەی وەزیری راگەیاندنی سووریا، ئامانج لەو جووڵە سەربازییانەی سوپای وڵاتەکەی، "گەڕاندنەوەی دۆخەکەیە بۆ رێڕەوی خۆی و پاراستنی سەقامگیریی گشتی."
قسەکانی ئەو بەرپرسەی حکومەتی دیمەشق لەکاتێکدایە، ماوەیەکە گرژییەکان لە حەلەب زیادیان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی سووریا مۆڵەتی دابووە هێزەکانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ئەوەی لە هەردوو گەڕەکی (ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود) بکشێنەوە، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەیان کوردن.
سەرباری هێرشەکان، حەمزە مستەفا داوای "گوتاری عەقڵانی و نیشتمانیی کۆکەرەوە" دەکات و دەڵێت: "کورد هاوبەشمانن لە ئایندەی سووریا؛ گرێبەستی هاووڵاتیبوون پێکەوە کۆمان دەکاتەوە و پەیوەندیی مێژوویی، کولتووری و مرۆڤایەتی لەنێوانماندا هەیە."
سەبارەت بە دۆخی خەڵکی سڤیل و ئاوارەبوونی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە، وەزیری راگەیاندنی سووریا ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵە مرۆییەکان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان و گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان دەستیپێکردووە و گوتی: "هەموو هەوڵێک رەتدەکەینەوە بە ئاراستەی کۆچ و کۆچپێکردن بە هەر پاساوێک بێت."
لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە سوپای سووریا هێرشی کردووەتە سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب، بەپێی زانیارییەکان بەهۆی هێرشەکانەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، هەروەها هەزاران کەسیش ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ