رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە حەلەب دەڵێت، مەترسیی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی و کورد بەگشتی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود هەیە. دەشڵێت، "ئێستا لە پشتی کامێراوا خەڵک دەکوژن و ئەشکەنجەیان دەدەن."
مەناف جافۆ، هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە حەلەب، لەکاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنێکی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، "هێرشێکی دڕاندانە بە هەموو چەکێکی قورس دژمان کرا، هەزاران تۆپیان دژ بەکارهێناین."
جافۆ گوتی، "زیاتر لە 300 خانووی ماڵان رووخێندراون و شەهید و برینداریش لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە زۆر زۆرن."
هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە حەلەب دەڵێت، "ئێستا ئاگرەبەستێک هەیە، دەستوەرانی وڵاتان و هەسەدە هەیە کە ئەم جینۆسایدە رابگیرێت، چونکە نەوەکو تەنیا لایەنی سەربازی بە ئامانج دەگرن، هەموو خەڵکێکی سڤیلیش بە ئامانج گیراوە، بەشێکی خەڵک ئاوارەبوون، بەڵام هێشتا نزیکەی 250 هەزار کورد لەو دوو گەڕەکەدان."
لەبارەی قسەی پارێزگاری حەلەب کە رایگەیاندووە، پاسیان بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان ناردووە بۆ گواستنەوەی شەڕڤانەکانی ئاسایشی نێوخۆ بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، مەناف جافۆ گوتی، "بەگوێرەی بانگەشەی ئەوان بەڵی، ئەوان دەڵێن لێرەدا هەسەدە هەیە، بەڵام لە رێککەوتنی 1ـی نیسان هێزی هەسەدە لێرە دەرچوون، ئەوانەی هەن ئاسایش و گەنجانی گەڕەکەکەن بەرخودان دەکەن."
هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە حەلەب گوتی، "بڕیارەکە تاوەکو ئێستا بە فەرمی نییە، بەڵام بە بڕوای من ئەگەر پاراستنی ماف سڤیل مسۆگەر نەکرێ و بۆ هەندێک مافی کورد وەکو کۆمیتەیەک دروست نەکرێ، بڕواناکەم دەربچن."
جافۆ گوتی، "لەنێوان هێزی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا بە نێوەندگیریی وڵاتە یەکگرتووەکان و فەرەنسا گفتوگۆ هەیە و قسەشیان هەبووە بۆ ئەوەی شەڕ بووەستێت."
بە گوتەی جافۆ، سوپای عەرەبیی سووریا "لە پشتی کامێراوە چەکدارەکان[ی ئاسایشی ناوخۆ، کە شەڕیان راگرتووە] دەکوژن و ئەشکەنجەیان دەدەن، بڕیارێکی وایان هەیە کۆتایی بە کورد بهێنن."
هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە حەلەب باس لەوە دەکات، تاوەکو دوێنێ 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 75 کەسیش بە سەختی بریندارن، کە دەرمان و کارەباش لە نەخۆشخانە نەماون. گوتیشی، "شەوی رابردوو تاوەکو کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆپباران هەبووە، بەڵام ئاماری نوێی قوربانییەکان نییە."
ئەو بەرپرسەی کوردانی ئێزدی لە حەلەب ئاماژەی بەوە کرد، "لەنێو شەهید و بریندارەکاندا ئێزدیی ئێمەش هەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی هێڵی پەیوەندی و ئینتەرنێتەوە نەمانتوانیوە ئاماری ورد وەرگرین."
بەگوێرەی قسەی جافۆ، لەو دوو گەڕەکەی حەلەب نزیکەی 450 هەزار کەس نیشتەجێبوون، لەو ژمارەیە 420 هەزاریان کورد بوون و ئەوانی دیکە عەرەب و نەتەوەکانی دیکەن.
بەگوتەی ئەو کوردە ئێزدییەی حەلەب، لە داگیرکردنی ئەشرەفییەدا عەرەبەکانی ناوچەکە هاوکاریی حکومەتی دیمەشقیان کردووە و دەڵێت، "بەداخەوە زۆر لەوانەی دەیانوت نێودەگیری دەکەن، بەڵام بەهۆی رقی کۆن و نژادپەرستییانەوە دژی کورد" هاوکاریی سوپای عەرەبیی سووریایان کرد بۆ داگیرکردنی گەڕەکی ئەشرەفییە، بەشێک لەوانە لە هۆزی بەگارا بوون.
مەناف جانۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوێنێوە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رۆژنامەڤانان لەسەرهێڵە بۆ گەیاندنی دەنگی ئێزدییەکان. گوتیشی، "پێمانگوتوون لێرە جینۆساید هەیە و هیوادارین بگاتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ پاراستنی ئیزدییەکان لە توندئاژۆکانی ئیسلامیی."
ئەو بەرپرسەی ئێزدی ئاماژە بە قسەی چەند بەرپرسێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق و موفتییەکانیان دەکات و دەڵێت، "ئەوان دەڵێن وەکو لە شنگال لەنێویان ببەن، بە فەرمی دەڵێن دەبێ هەموو دانیشتووانی گەڕەکەکان بکوژرێن، 300 خانووی رووخێندراون و تەرمیان لەژێردایە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدییان باسی لە میدیای عەرەبی کرد و گوتی، "زۆرینەیان پشتگریی حکومەتی کاتیی دیمەشق دەکەن."
جافۆ دەڵێت، "نەمانتوانیوە ڤیدیۆی هێرش و تاوانەکان بڵاوبکەینەوە بۆ جیهان، چونکە ئینتەرنێت نەبووە، دواتر هەموویان بڵاودەکرێنەوە."
هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە حەلەب گوتی، ئەو دوو گەڕەکە جگە لە ئاسایشی نێوخۆیان هەموو مامەڵە و پەیوەندییەکیان لەگەڵ پارێزگای حەلەبدا بووە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق؛ گوتیشی، "تەنیا دەمانگوت کولتوور و زمانمان بپارێزن؛ لە تووندڕەویی بمان پارێزن، ئەوان ئەوەشیان قبوڵ نییە. موفتی و هەزارانی هاوشێوەیان هەیە و وەکو سەدان ساڵەی رابردوو ئەوان رقی مێژوویی و کۆنیان دژی کورد هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ