رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چڕبوونەوەی بۆردوومانەکان و هێرشی گرووپەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی راگەیاند و داوای لە لایەنەکان کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
رۆژی هەینی 09-01-2026 ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "سەرەڕای هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی شەڕ، نیگەرانیی زۆری خۆمان لەبارەی کارە دووژمنکارییەکان لە حەلەب دووپات دەکەینەوە."
دووجاریک هۆشداریی دایە لایەنە شەڕکەرەکان و گوتی، "بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، لایەنەکان پابەندن بە پاراستنی سڤیل و ژێرخانەکان لە حەلەب."
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای چارەسەری سیاسیی کرد و گوتی، "داوا لە هەموو لایەنەکان لە سووریا دەکەین نەرمی بنوێنن و بگەڕێنەوە بۆ دانوستاندنەکان، بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنی 10ی ئادار."
لێدوانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواکاری ئەو هەڵوێستە نێودەوڵەتییەیە کە ئەمڕۆ دەرکەوتووە، هەموویان جەخت لەسەر یەک رێککەوتن دەکەنەوە.
رێککەوتنەکە لە ئاداری 2025 واژۆ کراوە بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی (هەسەدە/ئاسایش) لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ