پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئەوەی لە حەلەب روودەدات تاوانی دژی مرۆڤایەتییە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
 سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات (SPD) لە ئەڵمانیا قسە بۆ ئاڵا شاڵی دەکات
سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات (SPD) لە ئەڵمانیا قسە بۆ ئاڵا شاڵی دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی بە رەچەڵەک کوردی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی لە حەلەب بەرامبەر کورد دەکرێت "قبووڵکراو نییە" و ئەڵمانیا و ئەورووپا بێدەنگ نابن. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا مەرجدارە بە رێزگرتن لە مافی کەمینەکان.
 
سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لەبارەی هێرشی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لە حەلەب روودەدات، بەتایبەتی لەو گەڕەکانەی کورد تێیدا دەژین و هەزاران کەس بە زۆر دەرکراون، قبووڵ ناکرێت."
 
یوکسەل پەنجەی تۆمەت بۆ سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا درێژ دەکات و دەڵێت: "سەرۆک شەرع لە دیمەشق لەمە بەرپرسیارە." ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە ئەو هێرشانە بەشێکن لە زنجیرەیەک "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" و بە سیستماتیک کراون، هاوشێوەی ئەو رووداوانەی لە لازقییە، تەرتووس و سوەیدا روویانداوە.
 
"هاوکارییەکان مەرجدارن"
 
سەبارەت بە هەڵوێستی بەرلین و یەکێتیی ئەورووپا بەرامبەر حکومەتی نوێی دیمەشق، سەردار یوکسەل بۆ رووداو گوتی: "شتەکە روونە، تەنیا ئەو کاتە هاوکاریی ئەورووپا و جیهان بەدەستدەهێنرێت کە رێز لە بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و پاراستنی کەمینەکان بگیرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریدەدات، ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن، "هاوکارییش نابێت، بەتایبەتی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا." یوکسەل دەڵێت، پەیامەکە ئەوەیە کە دەبێت ئەو رژێمە کار بۆ ئاگربەست و پرۆسەیەکی سیاسی بکات، نەک سەربازی.
 
"کورد بە تەنیا بەجێناهێڵین"
 
سەردار یوکسەل، کە هاوکات ئەندامی گرووپی پەرلەمانتارانی کوردە لە پەرلەمانی فیدڕالیی ئەڵمانیا، دڵنیایی دەداتە کوردانی هەر چوار پارچە و دەڵێت: "ئێمە کورد نە لە عێراق، نە لە سووریا و نە لە تورکیا بە تەنیا بەجێناهێڵین."
 
یوکسەل داوا دەکات ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورووپا بە روونی بە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بڵێن کە "فراوانبوونی ململانێی سەربازی قبووڵکراو نییە و دەرهاویشتەی دەبێت بۆ ئەو وڵاتانەی پابەندی ئەوە نابن."
 
هەڵوێستی حکومەتی ئەڵمانیا
 
سەبارەت بەوەی بۆچی حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا هەڵوێستی فەرمیی رانەگەیاندووە لەکاتێکدا پارتی سۆسیال دیموکرات لە دەسەڵاتدایە، یوکسەل ئاشکرای کرد لەنێو کابینەی حکومەتدا باسی لێوەکراوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا چاودێریی دۆخەکە دەکات.
 
یوکسەل گوتی: "پێشبینی دەکەم حکومەتی ئەڵمانیا هەڵوێستی خۆی ئاراستەی دیمەشق کردبێت و بڕوام وایە قبووڵنەکردنی ئەم کارە جەنگ-ئاسایە، بۆ رای گشتیش رادەگەیێندرێت."
 
دەقی هەڤەپەیڤینەکە:

رووداو: وەک بەڕێزتان ئاگادارن، ماوەی چەند رۆژێکە هێرش دەکرێتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، هەڵوێستی ئێوە و پارتەکەتان چییە؟

سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات لە ئەڵمانیا: ئەمە قبووڵ ناکرێت. سەرۆک شەرع لە دیمەشق لەمە بەرپرسیارە. ئەوەی لە سووریا و حەلەب روودەدات، بەتایبەتی لەو گەڕەکانەی کورد تێیدا دەژین و هەزاران کەس بە زۆر دەرکراون، قبووڵ ناکرێت. سەرۆک شەرع بەرپرسیارە. ئێمە پێویستیمان بە پرۆسەیەکی سیاسییە نەک ململانێی سەربازی. نابێت ئەڵمانیا، ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمە قبووڵ بکەن. بەداخەوە، ئەمەش دەچێتە خانەی زنجیرەیەک تاوانی دژی مافی مرۆڤ و دەستدرێژییەکان. باسی کۆمەڵکوژییەکانی لازقییە، تەرتووس، سوەیدا یان ئێستا لە حەلەب دەکەم، واتە ئەمە وەک سیستمێک دەردەکەوێت.

رووداو: بەرپرسیارێتیی ئەڵمانیا چییە لە کاتێکدا لە سووریا هێرش دەکرێتە سەر کەمینەکان؟

سەردار یوکسەل: شتەکە روونە، تەنیا ئەو کاتە هاوکاریی ئەورووپا و جیهان بەدەست دەهێنرێت کە رێز لە بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و پاراستنی کەمینەکان بگیرێت. ئەگەر رێزی لێ نەگیرێت، ئەوا هاوکارییش نابێت، بەتایبەتی لە ئاوەدانکردنەوەدا. ئەمە بەو واتایە دێت کە دەبێت ئەم رژێمە کار بۆ ئاگربەست و پرۆسەیەکی سیاسی بکات. پێویستە ئەم هێرشانە کۆتاییان پێبێت.

رووداو: بۆچی حکومەتی ئەڵمانیا هەڵوێستی روونی نییە لە کاتێکدا هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ،  وەک کورد جینۆساید دەکرێت؟ 

سەردار یوکسەل: ناکرێت بێهەڵوێستی بین، بۆیە من بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەم کە لەوێ کراون. ئەو هێرشانە دژی خەڵکی سڤیلن، دژی ژن و منداڵن. شەپۆلێکی گەورەی راکردنی کوردان لە حەلەب هەیە. ئەمە قبووڵ ناکرێت. ئێمە لە هەموو سەکۆکانەوە ئەمەمان گوتووە و حکومەتی کاتیمان لە دیمەشق ئاگادارکردووەتەوە. ئاگربەست بۆ چەند کاژێرێک لە لایەکەوە راگەیەندراوە. ئێمە بە وردی چاودێریی ئەمە دەکەین. هەموو رێکارێکیش دژی حکومەتی دیمەشق دەگرینەبەر.
 
رووداو: بەڕێزتان خۆتان بە رەچەڵەک کوردن و لە هەمان کاتدا ئەندامی گرووپی پەرلەمانتارانی کوردن لە پەرلەمانی فیدڕالی ئەڵمانیا، ئێوە دەتوانن چی بکەن بۆ کوردانی حەلەب؟

سەردار یوکسەل: ئێمە کورد نە لە عێراق، نە لە سووریا و نە لە تورکیا بە تەنیا بەجێناهێڵین. ئێمە پشتیوانی لە پرۆسەیەکی گواستنەوەی ئاشتییانە و سیاسی دەکەین. پێویستە رێز لە مافە ئایینی، نەتەوەیی و کەمینەکان بگیرێت. ئەگەر رێزی لێ نەگیرێت، دەبێت ئەورووپا و لەپێش هەمووشیانەوە ئەڵمانیا بە دەسەڵاتدارانی ئەوێ بڵێن کە فراوانبوونی ململانێی سەربازی قبووڵکراو نییە و دەرهاویشتەی دەبێت بۆ ئەو وڵاتانەی پابەندی ئەوە نابن.

رووداو: سۆسیال دیموکراتەکان، واتە پارتەکەی ئێوە لە حکومەتدایە، بۆچی تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی روونیان نەبووە؟

سەردار یوکسەل: وەک دەزانم لەنێو کابینەی حکومەتدا باسی ئەوە کراوە. گوێم لێبوو کە وەزیری دەرەوە دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێت و چاودێریی دەکات. بە پێشبینیی من حکومەتی ئەڵمانیا هەڵوێستی خۆی ئاراستەی دیمەشق کردووە و بڕوام وایە قبووڵنەکردنی ئەم کارە جەنگ-ئاسایە، بۆ رای گشتیش رادەگەیێندرێت.
 
وەرگێڕان: کەهی مەحموود
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە