وەزارەتى بەرگریى سووریا راگرتنى شەڕى راگەیاند؛ "تاوەکو کاژێر 9:00 بکشێنەوە"

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى بەرگرى سووریا راگرتنى شەڕى لە گەڕەکە زۆرینە کوردەکانى شارى حەلەب راگەیاند و تاوەکو کاژێر 9:00ى بەیانى هەینى دیاریکردووە وەک دوا مۆڵەت بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئاسایشى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر بۆ ئەوەى ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن بەئاڕاستەى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بڕۆن.
 
بەرەبەیانى هەینى 9ى کانوونى دووەمى 2026، وەزارەتى بەرگریی سووریا راگەیێنراوێکى شەش خاڵى لەبارەى دۆخى شارى حەلەب بڵاوکردەوە.
 
وەزارەتى بەرگریی سووریا رایگەیاند؛ لە کاژێر 3ى بەرەبەیانەوە شەڕ لە دەوروبەرى گەڕەکەکانى شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە و بەنى زەید لە حەلەب رادەگرن.
 
ئەو وەزارەتە دەڵێت: "داواش لە گرووپە چەکدارەکانى ئەو ناوچانە دەکرێت کە لە وادەى راگرتنى شەڕەوە ناوچەکە بەجێبهێڵن، ئەو مۆڵەتەش لە کاژێر 9:00ى بەیانیی هەینى تەواو دەبێت".
 
وەزارەتى بەرگریی سووریا ئاماژەى بەوە داوە کە تەنیا رێگە بە چەکداران دەدات چەکى سووکى کەسیی خۆیان ببەن و سوپای عەرەبیی سووریاش بەڵێن دەدات گەرەنتیی تێپەڕینیان بکات تاوەکو دەگەنە ناوچەکانى باشووری رۆژهەڵاتى سووریا، هەروەها هۆشداریش دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە پابەند بن بەو مۆڵەتەی کە دانراوە، لەپێناو "رێگری لە هەر بەریەککەوتنێکی مەیدانی".
 
بەگوێرەى وەزارەتەکە، ئامانج لە رێکارەکە "کۆتاییهێنانە بە دۆخى سەربازیی لەو گەڕەکانە، وەک ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەى دەسەڵاتى یاسایی و دامەزراوە فەرمییەکان و گەڕانەوەى دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە کە ئاوارە بوون."
 
لە 6ى کانوونى دووەمەوە پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن.
 
وەزارەتى بەرگریی سووریا ئاماژەى بەوە داوە کە هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەى ئۆپەراسیۆنەکانى سوپای عەرەبیی سووریا، رێوشوێنى چوونەدەرەوەى ئەو هێزانە دەگرتەبەر کە بە "گرووپی چەکدار" ناویان براوە، بە ئاراستەى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە