رێبەری رۆحیی درووزەکان: هێرشی سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب داگیرکارییە

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
رێبەری رۆحیی پێکهاتەی درووز لە سووریا بە تووندی هێرشە سەربازییەکانی حکومەتی راگوزەری دیمەشق بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب سەرکۆنە دەکات و بە "داگیرکاریی  دڕندانە" و هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و "جینۆساید" دژی پێکهاتەکان ناوی دەبات.
 
شێخ حیکمەت سەلمان هەجەری، سەرۆکی سەرۆکایەتیی رۆحیی یەکگرتووی درووزەکان، لە راگەیێندراوێکدا کە لە چیای عەرەب (جەبەل درووز)ـەوە بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت، "دەستدرێژیی  دڕندانەی" هێزەکانی حکومەت و "چەتە تەکفیرییەکان" بۆ سەر "هاووڵاتییانی بێتاوانی کورد" لە ناوچەکانیان لە حەلەب و دەوروبەری سەرکۆنە دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی هەینی دەرچووە، شێخ حیکمەت هەجەری دەڵێت: "ئێمە ئەم داگیرکارییە دڕندانەیە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین کە هێزەکانی حکومەتی کاتی لە دیمەشق و چەتە تەکفیرییەکانی سەر بەوان دژی برا کوردەکانمان و خەڵکی سڤیل لە ناوچە ئازادەکانیان لە حەلەب و دەوروبەری دەیکەن."
 
رێبەری رۆحیی درووز حکومەتی سووریای تۆمەتبار کرد بەوەی لەگەڵ هێرشە سەربازییەکاندا "چەواشەکاریی میدیایی" دەکات بۆ شێواندنی راستییەکان. هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە جیهانییەکان کرد دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەو "پێشێلکارییە بەردەوامانە" و هێرشی سەر کەمینەکان.
 
هەجەری ئەو ئۆپەراسیۆنانەی بە هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و "جینۆسایدی گەڕۆک" دژی پێکهاتەکان ناوبرد، کە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەو بەڵێنانە دادەنرێت کە دیمەشق لە کۆڕبەندە جیهانییەکاندا داویەتی. هاوکات جەختی لە هاوسۆزی لەگەڵ کورد کردەوە و بەڵێنی پشتیوانیی پێدان تاوەکو "تەواوی مافە مێژوویی، جوگرافی و مرۆییەکانیان" بەدەستدەهێنن.
 
شەڕێکی سەخت لە حەلەب لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید بەردەوامە. ئەمەش سەختترین شەڕە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە.
 
پێکدادانەکان لە 6ی کانوونی دووەمی 2026 دوای شکستھێنانی دانوستانەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10 ئاداری 2025 بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان بە دامەزراوە نیشتمانییەکان دەستیپێکرد. هێزەکانی حکومەت ناوچەکەیان بە "ناوچەی سەربازیی داخراو" راگەیاند و ئۆپەراسیۆنێکی چڕیان بە تۆپباران و هێرشی درۆن دەستپێکرد.
 
زیانە گیانییەکان و ئاوارەبوون
 
ژمارەی قوربانییان جیاوازە؛ ئاسایشی گەڕەکە کوردنشینەکان باس لە کوژرانی 12 کەسی سڤیل و برینداربوونی دەیان کەس دەکەن لە گەڕەکەکانیان، لە بەرامبەردا بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا ئاماژە بە کوژرانی 7 بۆ 9 کەسی سڤیل دەکەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان. بەگشتی، بەپێی ئامارەکان لە رۆژی سێشەممەوە لانیکەم 21 کەس کوژراون.
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 150 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە. نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA) هۆشداریدەدات لە دۆخی دەیان هەزار دانیشتووی گەڕەکە کوردنشینەکان.
 
ئاگربەست و نیگەرانییەکان
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بەرەبەیانی 9ی کانوونی دووەم دوو جار ئاگربەستیی کاتی کاتیی راگەیاند، بەڵام دوای هەردو جارەکە دەستی بە هێرشەکانی کردەوە. ئەنجوومەنە خۆجێییە کوردییەکان داواکاریی چەکدانانیان رەتکردەوە و بە "خۆبەدەستەوەدان" ناویان برد.
 
تووندوتیژییەکان نیگەرانیی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە. وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا داوای دانبەخۆداگرتن و درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکەن.
 
شێخ هەجەری، کە داکۆکیکارێکی دیاری مافی پێکهاتەکانە، پێشتر داوای مافی چارەی خۆنووسینی بۆ درووز کردووە و لەگەڵ نوێنەرانی کورد کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی سیاسیی سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە