رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ "بەرخودانی" دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی حکومەتی دیمەشق هەوڵێکن بۆ "گۆڕینی دیموگرافی و زیندووکردنەوەی داعش."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر شەوی هەینی 9-1-2026 لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریای بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کە لە 6ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، بە "هێرشی هۆڤانە" ناوبرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی مزگەوت، قوتابخانە و ماڵی هاووڵاتییان و ئەو نەخۆشخانانەی بەهۆی بۆردوومانەوە لەکارکەوتوون، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە، بەتایبەتی کە ژن و منداڵ شەهید و بریندار بوون."
"هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیموگرافی"
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئامانج لەم هێرشانە کۆمەڵکوژی، کۆچپێکردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیای شاری حەلەبە. هەروەها حکومەتی دیمەشق تۆمەتبار دەکات بەوەی بە پشتیوانیی راستەوخۆی تورکیا و بە بەشداریی گرووپە تووندڕۆکان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی "رێککەوتنی یەکی نیسان" دەکات.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەلایەن هەندێک لەو گرووپانەوە درووشم و هێمای داعش بەرزکراوەتەوە، کە ئەمەش هەوڵێکی رەتکراوەیە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رێکخراوە تاوانکارییە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە."
رەتکردنەوەی چەکدانان
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی گشتیی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەربڕی کە رەتیدەکەنەوە خۆیان بەدەستەوە بدەن و دەڵێت: "ئەم بڕیارە گوزارشتە لە ئیرادەی گەلێکی ئازاد و مافێکی رەوایە بۆ بەرگری لەخۆکردن." جەختیش دەکاتەوە کە نابێت متمانە بە لایەنێک بکرێت کە "لە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل تێوەگلاوە."
بێدەنگیی نێودەوڵەتی
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان، بەڕێوەبەرایەتییەکە رایدەگەیێنێت: "بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە گەرەنتیکارەکانی رێککەوتنەکانی 10ـی ئادار و یەکی نیسان بەرامبەر ئەم تاوانانە، بەشداریکردنە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و هاندانی دەستدرێژیکارانە بۆ بەردەوامبوون لە کوشتن."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە هێزە دیموکراتەکان و خەڵکی سووریا کردووە بەشداری لە "چەکهەڵگرتنی گشتی"ـدا بکەن کە لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی دوو گەڕەکەکەوە راگەیێندراوە بۆ رێگریکردن لە "کۆمەڵکوژی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ