بەرپرسێکی مەسەدە بۆ رووداو: نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شێخ مەقسوود بەسەر بریندارەکاندا رووخێندراوە

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
نووشین حەمێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە رایدەگەیێنێت، هێزەکانی حکومەت پابەندی ئاگربەست نەبوون و نەخۆشخانەیەکیان بەسەر بریندارەکاندا رووخاندووە.
 
حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە لەبارەی دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لایەنی بەرامبەر پابەندی راگەیاندنی ئاگربەست نەبوو؛ بە پێچەوانەوە، بە چەکی قورس، مووشەک و تانک، نەخۆشخانە، ماڵ و دووکانەکانیان کردە ئامانج."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی مەسەدە، زیانی گیانیی زۆر هەیە و گوتی، "نەخۆشخانەی خالید بەسەر ئەو بریندارانەدا رووخێندرا کە تێیدا بوون."
 
حەسەن محەممەد عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت لەکاتی راگەیاندنی ئاگربەستەکەشدا هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب نەوەستاون، "دوو پزیشک و 5 گەنج لە گەڕەکی ئەشرەفییە لەکاتی راگەیاندنی ئاگربەستەکەدا کوژران."
 
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی شەڕ، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە بە رووداوی گوت، "پێویستە گوشاری نێودەوڵەتی هەبێت؛ پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکی و فەرەنسییەکاندا هەیە بۆ راگرتنی دەستبەجێ و مسۆگەری شەڕ، دواتریش دەستپێکردنی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێگەچارەی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی گەڕەکەکان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە