رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجامدا و تێیدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا و هەوڵەکان بۆ "چەسپاندنی سەقامگیری" لە ناوچەکەدا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی راگوزەر، لە پەیوەندییەکەدا ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر بنەما نیشتمانییەکانی سووریا کردووەتەوە، کە لە پێش هەموویانەوە سەپاندنی سەروەریی دەوڵەتە بەسەر تەواوی خاکەکەیدا.
هەروەها شەرع رایگەیاندووە، "کاری لەپێشینەی ئێستا، پاراستنی خەڵکی سڤیل و دابینکردنی ئاسایشی دەوروبەری شاری حەلەب و کۆتاییهێنانە بەو دەرکەوتە و دیاردە چەکدارییە نایاساییانەی کە رێگرن لەبەردەم پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە."
لای خۆیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری دووپاتکردووەتەوە و جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و هەڕەشە هاوبەشەکان کردووەتەوە.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی راگوزەر دەڵێت، "هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگیی نزیک لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات، بەجۆرێک کە جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکان مسۆگەر بکات و خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلانی سووریا و تورکیا بکات و دەرفەتەکانی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا بەهێز بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ