رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا لە دیمەشق سەردانی مزگەوتێکی کرد کە وەکو خۆی دەڵێت، 20 ساڵ لەمەوبەر نوێژی تێدا کردووە و رایگەیاند، "ئەم شۆڕشە لەم جۆرە مزگەوتانە سەری ھەڵداوە."
ئەحمەد شەرع نوێژی بەیانیی ئەمڕۆی لە مزگەوتی شافعی لە دیمەشق کرد. لەدوای تەواوبوونی نوێژ، قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و گوتی: "زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر لەم مزگەوتە نوێژم کردووە. لە کاتێکدا نوێژمان دەکرد، ترس و دڵەڕاوکێ هەبوو. سوبحانەڵڵا لەم مزگەوتە دەرچووین و چووین بۆ گەشتێکی دوور و درێژ، پاشان خودای گەورە و باڵادەست گەڕاندینییەوە بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی ئەم رووخسارە باشانە ببینین."
ئەبو محەممەد جۆلانی کە ناوی تەواوی (ئەحمەد حوسێن شەرع)ـە، لە ساڵی 1982 لەدایکبووە. ماوەیەک لە عێراق لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە لە دژی ئەمریکییەکان جەنگاوە، دوای ئەوە بووەتە هاوڕێی ئەبوبەکر بەغدادی لە داعش، دوای ئەوەی بەغدادی ویستی بەرەی نوسرە هەڵبوەشێنێتەوە لەنێو داعش دا رەتیکردەوە و بووە شوێنکەوتەی زەواهیری سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە. لەلایەن تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا خۆی و رێکخراوەکەی وەکو تیرۆریست ناسێندراون.
ئەحمەد شەرع لە کاتی کۆنترۆڵکردنی دیمەشق، سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شامی دەکرد و نازناوی ئەبو محەممەد جۆلانی بوو. پێش ئەوە، پارێزگای ئیدلیبیان لە باکووری رۆژئاوای سووریای بەدەستەوە بوو.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەستەی تەحریری شام و گرووپە نزیکەکانی دەستیان بەسەر دیمەشق دا گرت و کۆتاییان بە حکومڕانیی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
شەرع دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا، بە سەربەرزی و شکۆوە گەڕاینەوە. ئێوەش لەم وڵاتەدا بە سەربەرزی دەمێننەوە، سوپاس بۆ خودا. ھیوادارم دڵنیابن لەم وڵاتە، چونکە بنەمای زۆری تێدایە بۆ بەھێزی، مانەوە، سەربەرزی و شکۆمەندی. ئەو رووداوانەی لە وڵاتەکە روودەدەن، ئاڵنگاریی چاوەڕوانکراون، هیچی دیکە نین."
هاوکات، داوای کرد یەکگرتوویی نیشتمانی "بپارێزین، دەبێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزین. ئێمە دەتوانین بەپێی توانا پێکەوە لەم وڵاتەدا بژین."
شەرع جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم شۆڕشە لەم جۆرە مزگەوتانە سەری ھەڵداوە. مزگەوتەکان منداڵەکانی فێری رەوشتی بەرز و ئازایەتی و بەخشندەیی و دادپەروەریی لەنێو خەڵک دەکەن. بۆیە ھیچ ترسێک لەسەر سووریا نییە، پشت بەخودا. خودای گەورە پاداشتتان بداتەوە و بەرەکەت بخاتە کار و ژیانتانەوە. سوپاس بۆ خودا، خودای گەورە دەزانێت یەکێک لە گەورەترین ساتەکانی ژیانم بوو."
ساڵی 2013 لەلایەن وەزارەتی دەروەوەی ئەمریکاوە وەکو "تیرۆریستی جیهانی ناسێندرا" و دوای چوار ساڵ ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلاری دیاریکرد بۆ هەر کەسێک زانیاری ئەوتۆ لەبارەیەوە بدات کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.
ئەحمەد شەرع لە مزگەوتی شافعی رایگەیاند: " شتێکی سەیرە کە لە گەڕەک و مزگەوتێک دەربچێت و دواتر بێیتەوە ئەو شوێنەی، کە پێش 20 ساڵ لێی بوویت. لەو کاتەدا لەنێو مزگەوتەکە دەترساین. رۆژانە چاوەڕێی ئەوە بووین کە دەستگیر بکرێین. بەڵام رێگایەکمان ھەڵبژارد بۆ ئەوەی بەڵێن بدەین کە بگەڕێینەوە شام. لە شام دەرچووین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆی. سوپاس بۆ خودا، خودا رێزی لێناین، رێزی ئێوەشی لێناین پشت بە خودا. خودای گەورە پاداشتی خێرتان بداتەوە و بەرەکەت بخاتە کارەکانتانەوە.
ئەم گوتانەی شەرع لەکاتێکدان، چەند رۆژێکە شەڕ و پێکدادانی تووند لە نێوان سوپای نوێی سووریا و ئەو گرووپە چەکدارانە دا بەردەوامە کە لازقیە بە پاشماوەی سوپاکەی ئەسەد دەناسرێ.
زیاتر لە هەزار کەس بوونەتە قوربانیی شەڕ و پێکدادانی نێوان سەربازانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان لە رۆژئاوای وڵاتەکە. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان 745 کەسی سڤیل کوژراون لەگەڵ 125 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا، لە بەرامبەردا، 148 چەکداری لایەنگری ئەسەد کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ