رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "تیرۆریستە ئیسلامییە تووندڕۆکانی پشت کۆمەڵکوژیی کەمینەکانی سووریا"ی سەرکۆنە کرد و داوای لە حکومەتی کاتیی وڵاتەکە کرد، هەر کەسێک کۆمەڵکوژیی کردووە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت و رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە. دەشڵێت، هاوشانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە دەوەستن.
رۆژی یەکشەممە 09-03-2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەمریکا ئەو تیرۆریستە ئیسلامییە تووندڕۆ و جیهادییە بیانییانە سەرکۆنە دەکات، کە لە رۆژئاوای سووریا لەم چەند رۆژەی دوایی خەڵکیان کوشت."
روبیۆ گوتی: "ئەمریکا هاوشانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی سووریا دەوەستێت، لەوانەش کۆمەڵگەی کریستیان، دروز، عەلەوی و کورد. ئەمریکا سەرەخۆشیی خۆی لە قوربانییەکان و خێزانەکانیان دەکات."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە دوو مانگە دەستبەکار بووە گوتی: "مەرجە دەسەڵاتی کاتیی سووریا بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییانە لە دژی کەمینەکانی سووریا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات."
شەڕ و پێکدادانی سووریا رۆژی پێنجشەممە 06-03-2025 دروستبوو، ئەمەش دوای ئەوەی چەند کەسێک لە لایەنگرانی حکومەتی پێشوو، کە ئەندامی کۆمەڵگەی عەلەویی وڵاتەکەن، لە رۆژئاوای سووریا هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ساڵانێکە چاودێریی شەڕ دەکات و بارەگاکەی لە لەندەنە، گوتی، هێزە ئەمنییەکان و گرووپە هاوپەیمانەکانیان لانیکەم 745 سڤیلی عەلەوییان لە لازقییە و تەرتووس کوشتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کە رابەرایەتیی دەستەی تەحریری شامی کرد و لە 08-12-2024 بەشار ئەسەدی رووخاند؛ لە مزگەوتێکی دیمەشقەوە داوای پێکەوەژیانی لە سوورییەکان کرد، "دەبێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزین. ئێمە دەتوانین بەپێی توانا پێکەوە لەم وڵاتەدا بژین".
مانگی 12ی پار، ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتیی جۆ بایدن دا بوو، کاری لەگەڵ شەرع کرد. بەڵام بایدن گوتی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دۆخەکە دەکەوێتە سەر پاراستنی کەمینەکانی سووریا.
لە 20-01-2025 دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا؛ لەوکاتەوە ئیدارەکەی زۆر بە کەمی باسی سووریای کردووە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەریتانیا چەند سزایەکی لەسەر کەرتی وزە و بانکیی سووریا هەڵگرت، بەڵام ئەمریکا هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ