رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لەبارەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا رایگەیاند، هەسەدە لە پرۆسەی تێکەڵبوونی لە حکومەتی سووریا "سست" بووەتەوە و پێویستە پرۆسەکە خێراتر بکات. راشیگەیاند، بۆیان دەرکەوتووە فیدراڵی بۆ عێراق و سووریا نابێت.
رۆژی چوارشەممە، 09ی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە دیمەشق، لە وەڵامی سۆلین حەمەد ئەمین، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق، باسی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقی کرد و گوتی "تێڕوانینی من بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا ئەوەیە کە حکومەتی سووریا پەرۆشییەکی زۆر و ناوازەی نیشانداوە بۆ ئەوەی هەسەدە بهێنێتە نێو ئەو چوارچێوەیەی کە باسمان کرد؛ یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک سوپا، یەک حکومەت."
لە بارەی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کراوە، باراک گوتی: "راستگۆیانە بڵێم، پێموایە هەسەدە سست بووە لە قبووڵکردن و دانوستاندن و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاراستەیە. ئامۆژگاریی منیش بۆیان ئەوەیە کە ئەو پرۆسەیە خێرا بکەن. تەنیا یەک رێگە هەیە، ئەو رێگەیەش دیمەشقە. ئەمەیە پەیامەکە."
تۆم باراک کە بە دۆستێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناسراوە و بێجگە لەوەی نێردەی واشنتنە بۆ سووریا، باڵیۆزی ئەمریکاشە لە تورکیا و لەبارەی رۆڵی کورد لە ناوچەکە، گوتی: "وەزیر روبیۆ، لە قسەکانیدا دەربارەی ئۆتۆنۆمی و سەروەری، مەبەستی ئەوەیە کە عێراق گەلێکە. سووریا گەلێکە. کورد کۆمەڵگەیەکی ناوازە، نایاب و جوانی نێو ئەو نەتەوانەیە. باوەڕناکەم ئەو مەبەستی لە کوردستانێکی سەربەخۆ بووبێت. ئەو دەڵێت دەبێت رێز لە هەموو ئەو کولتوورانە، هەموو ئەو یادەوەرییانە، زمان، کولتوور، خەڵک و پەروەردەیان. بگیرێت، ئەمە شتێکی یەکجار گرنگە. پێموایە حکومەتی سووریاش هەست بە هەمان شت دەکات."
یەکێک لەو پرسانەی ئێستا بۆ داهاتووی سووریا باس دەکرێت، پرسی فیدراڵییە، لەبارەی ئەو پرسەوە، تۆم باراک گوتی: "کێشەکە ئەوەیە لە هەموو ئەم وڵاتانەدا، بۆمان دەرکەوت فیدراڵیزم کار ناکات و ناتوانیت دەوڵەتێکی نانەتەوەیی سەربەخۆت لەناو دەوڵەتێکدا هەبێت. بۆیە ئەمە تەنیا کاتی دەوێت تاوەکو هەموو لایەک وەریبگرن، بەتایبەتی دوای ئەو هەموو ساڵە لە چالاکی و کاری کارەساتبار کە سووریا پێیدا تێپەڕی. تەنیا کاتی دەوێت بۆ خۆگونجاندن."
لە وەڵامی ئەوەی چی داهاتوویەک چاوەڕێی سووریا دەکات، تۆم باراک بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند "بۆ سووریا، دەرفەتەکە ئێستایە و جیهان دەیەوێت یارمەتی بدات. هەمووان کێبڕکێ دەکەن. پێویستە خۆشمان نەبینە رێگر لەبەردەم خۆماندا. پێویستە هەموومان سازش بکەین و بگەینە ئەو دەرئەنجامە: یەک نەتەوە، یەک گەل، یەک سوپا، یەک سووریا."
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و تۆم باراک
رووداو: حکومەتی ئەمریکا پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات چۆن هەڵدەسەنگێنێ؟
تۆم باراک: باشە، با بە پێچەوانەوە وەڵام بدەمەوە. تێڕوانینی من بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا ئەوەیە کە حکومەتی سووریا پەرۆشییەکی زۆر و ناوازەی نیشانداوە بۆ ئەوەی هەسەدە بهێنێتە نێو ئەو چوارچێوەیەی کە باسمان کرد: یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک سوپا، یەک حکومەت. سەبارەت بە وردەکارییەکانی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەمە، پێموایە حکومەتی سووریا زۆر باش و یەکلاکەرەوە بووە لە نیشاندانی دەستکراوەیی خۆی بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ گونجاندنی ئەو بەرژەوەندییانە. راستگۆیانە بڵێم، پێموایە هەسەدە سست بووە لە قبوڵکردن و دانوستاندن و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاراستەیە. ئامۆژگاریی منیش بۆیان ئەوەیە کە ئەو پرۆسەیە خێرا بکەن. تەنیا یەک رێگە هەیە، ئەو رێگەیەش دیمەشقە. ئەمەیە پەیامەکە.
رووداو: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە خۆسەریی کوردان "کۆڵەکەیەکە" بۆ مامەڵەی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق، ئایا هەڵوێستی ئەمریکا دەربارەی ئەگەری خۆسەریی کوردان لە سووریا چییە؟
تۆم باراک: وەزیر روبیۆ، لە قسەکانیدا دەربارەی ئۆتۆنۆمی و سەروەری، مەبەستی ئەوەیە کە عێراق نەتەوەیەکە، سووریاش نەتەوەیەکە. کورد پێکهاتەیەکی ناوازە، نایاب و جوانی ناو ئەو نەتەوانەیە. باوەڕناکەم ئەو مەبەستی لە کوردستانێکی سەربەخۆ بووبێت. ئەو دەڵێت دەبێت رێز لە هەموو ئەو کەلتوورانە، هەموو ئەو یادەوەرییانە، زمان، کولتوور، خەڵک و پەروەردەیان. بگیرێت، ئەمە شتێکی یەکجار گرنگە. پێموایە حکومەتی سووریاش هەست بە هەمان شت دەکات.
کێشەکە ئەوەیە لە هەموو ئەم وڵاتانەدا، بۆمان دەرکەوت فیدراڵیزم کار ناکات و ناتوانیت دەوڵەتێکی نانەتەوەیی سەربەخۆت لەناو دەوڵەتێکدا هەبێت. بۆیە ئەمە تەنیا کاتی دەوێت تا هەموو لایەک وەریبگرن، بەتایبەتی دوای ئەو هەموو ساڵە لە چالاکی و کاری کارەساتبار کە سووریا پێیدا تێپەڕی. تەنیا کاتی دەوێت بۆ خۆگونجاندن. بەڵام لەگەڵ ئەوەش کاتمان لەبەردەست نامێنێت. جیهان بە خێرایی دەجوڵێت. ناوچەکە زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت. سەیری ئەوە بکەن لە سێ هەفتەی رابردوودا چی روویداوە. شتێکی سەرسوڕهێنەرە.
کەواتە دەرفەتەکە ئێستایە. بۆ سووریا، دەرفەتەکە ئێستایە. جیهان دەیەوێت یارمەتی بدات. هەمووان یەکدی تەواو دەکەن. پێویستە خۆشمان نەبینە رێگر لەبەردەم خۆماندا. پێویستە هەموومان سازش بکەین و بگەینە ئەو دەرئەنجامە: یەک نەتەوە، یەک گەل، یەک سوپا، یەک سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ