ئەمنیستی داوا لە حکومەتی سووریا دەکات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کوشتنی عەلەوییەکان ئاشکرا بکات

10-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە "ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ"، داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا کرد تەواوی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی کوشتاری عەلەوییەکان لە تووندوتیژییەکانی مانگی ئازاری رابردووی ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا بڵاوبکاتەوە و دڵنیابێتەوە لەوەی کە بەرپرسیارانی ئەو تاوانە رووبەڕووی لێپرسینەوە بکاتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، کریستین بێکەرلی، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای رێکخراوی ئەمنیستی لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سووریا لەو تاوانانە. رایگەیاند "پێویستە سەرۆکی سووریا پابەند بێت بە بڵاوکردنەوەی تەواوی دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکان سەبارەت بە کوشتارە بەکۆمەڵەکان کە خەڵکی سڤیلی عەلەوییان لە ناوچە کەناراوییەکانی کردە ئامانج و دڵنیابێتەوە لەوەی، کە بەرپرسیارانی ئەو رووداوانە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت."
 
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی ئەمنیستی دەشڵێت "رزگاربووان و خێزانی قوربانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بزانن چی روویداوە، کێ بەرپرسیار بووە، و دەسەڵاتداران چ هەنگاوێکی کرداریی دەنێن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری. هەروەها پێویستە سەرۆکی سووریا دڵنیابێتەوە لەوەی کە قەرەبووی زیانلێکەوتووەکان دەکرێتەوە."
 
لە مانگی ئازاردا، دەسەڵاتدارانی سووریا لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی سەبارەت بەو شەڕوپێکدادانە پێکهێنا و بەڵێنیان دا لە ماوەی مانگێکدا ئەنجامەکان بخەنەڕوو، بەڵام دواتر و لە 10ی نیسان، بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانیان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە دواخست.
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، رایانگەیاندووە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان عەلەوییەکان و هێزەکانی سووریا لە ناوچە کەناراوییەکانی رۆژئاوای سووریا، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 700 کەس، کە زۆربەیان عەلەوی بوون.
 
شەڕ و پێکدادانە سێ رۆژییەکە لە 6ی ئازاردا بە پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدار و لایەنگرانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد دەستیپێکرد و دواتریش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق هێزێکی زۆریان بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا نارد. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ؛ زۆربەی کوشتارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و گرووپەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی سووریا کراون.
 
حکومەتی سووریا لایەنگرانی ئەسەدیان بە هۆکاری تووندوتیژییەکان دانا، بەڵام بەڵێنیشیان دا ئەوانەی لەپشت خوێنڕشتنی خەڵکی سڤیلن دادگایی بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە