رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاڵۆزییەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، ئەمڕۆ لەنێوان هەسەدە و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی کاتیی سووریا پێکدادان دروستبوو سەربازێکی حکومەت کوژرا. هەردوولاش یەکدی بە دەستپێشخەری شەڕ تۆمەتبار دەکەن.
وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە کوژرانی سەربازێکی تۆمەتبار دەکات و هەسەدەش رایگەیاند، سەربازەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئەوان و تەرمی کوژراوەکەشیان جێهێشتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هێزەکانی هەسەدە لە رۆژهەڵاتی حەلەب، خاڵەکانی سوپایان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا سەربازێک کوژراوە و چەندین سەربازی دیکەش بریندار بوون".
وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوەکردووە، "کەمتر لە 48 کاژێر دوای راگەیاندنی ئاگربەست، هەسەدە زیاتر لە 10 جار رێککەوتنەکەی شکاندووە و بارەگاکانی سوپای لە میحوەرەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئەو وەزارەتەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە "بەردەوامە لە دروستکردنی سەنگەر و قاییمکردنی پێگەکانی لە سەرجەم میحوەرەکاندا و چاودێریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەکات، هانی کاری تێکدەرانە دژی سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە شاری حەلەب دەدات".
لە بەرامبەردا هەسەدە سوپای سووریا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "هەوڵێکی تێپەڕاندنی چەکدارانی حکومەتی دیمەشق لە گوندەکانی سنووری بەنداوی تشرینمان پووچەڵکردەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک چەکداری حکومەتی دیمەشق، هەوڵیاندا بۆ تێپەڕاندنی یەکێک لە خاڵەکانی هێزەکانمان لە گوندەکانی نزیک بەنداوی تشرین، بە بەکارهێنانی نارنجۆک، هێزەکانمان دەستبەجێ وەڵامیان دانەوە و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ روویدا، کە بووە هۆی کوژرانی یەکێک لە چەکدارە هێرشبەرەکان".
هەسەدە رایگەیاندووە، هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، تەرمی چەکدارە کوژراوەکەیان لە شوێنی رووبەڕووبوونەوەکەدا جێهێشتووە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەوەی رەتکردووەتەوە دەستپێشخەرییان کردبێت و رایگەیاندووە: "هێزەکانمان مافی خۆپاراستنیان بەکارهێنا بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکە و پوچەڵکردنەوەی هەوڵی تێپەڕاندنەکە، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی جێگیربوونیان لە پاراستنی خەڵکەکەمان و سەقامگیریی ناوچەکە".
06ـی ئەم مانگە دوای ئەوەی لە هەردوو گەڕەکی کوردنشین لە (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)ـی حەلەب، لەنێوان هێزە کوردییەکان کە پاراستنی گەڕەکەکەیان لە ئەستۆدایە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو، لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک کوژرا و نزیکەی 50 کەس برینداربوون.
رۆژێک دوای ئاڵۆزییەکان و 07-10-2025، شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر کۆبووەوە و دواتر ئاگربەستێکیان راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ