سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا بۆ رووداو: گفتوگۆمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەستاوە

09-11-2025
نووشین حەمێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی پەروەردەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەستاون و هەموو شتێک بە رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان دیمەشق و قامشلۆوە بەستراونەتەوە.
 
هەمان سەرچاوە دەڵێت، وانەی زمانی کوردی جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ نێو سیستمی خوێندنی قوتابخانەکانی عەفرین.
 
سەرچاوە تایبەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەم کاتەدا "هیچ گفتوگۆیەک" لەنێوان ئەوان و دەستەی پەروەردەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نییە.
 
سەرچاوەکە روونیکردەوە، تەنیا یەک رێککەوتن لەنێوانیاندا هەیە، ئەویش لەسەر ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9 و 12یە لە ناوچەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەڵام دوای ئەوە هیچ رێککەوتنێکی دیکە نەکراوە.
 
لەبارەی وەرگرتنی ئەو قوتابییانەی کە پێشتر لە قوتابخانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا خوێندوویانە و ئێستا دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکانی حکومەت، سەرچاوەکە گوتی، "ئێمە هەموو قوتابییەک وەردەگرین و ئەم بابەتە یاساییە و هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە."
 
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، ئاستی ئەو قوتابییانەی دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکانی حکومەتی سووریا هەڵدەسەنگێندرێت و بەپێی ئەوە، دەخرێنە پۆلەکانەوە.
 
لەبارەی قەدەخەکردنی وانەی زمانی کوردی لە عەفرین، سەرچاوەکە گوتی، "دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، پڕۆگرامەکانی خوێندنی حکومەت لە سەرتاسەری سووریادا بوون بە یەک، بە عەفرینیشەوە، بەڵام وانەی زمانی کوردی جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە و ئێستا لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت."
 
پەیوەندیدار بە خوێندنی کوردی لە عەفرین، ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین، بە رووداوی راگەیاند، وانەی زمانی کوردی گەڕاوەتەوە بۆ قوتابخانەکان و ئێستا هەفتانە لە هەموو پۆلەکاندا دوو وانە هەیە.
 
ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان داوایان کردووە زمانی کوردی وەک یەکێک لە زمانە رەسەنەکان و بە فەرمی بناسرێت.
 
سەرەتای ئەم مانگە محەممەد سەنکەری، بەڕێوەبەری کاروباری سیاسیی حکومەتی سووریا لە عەفرین بە رووداوی راگەیاند، "کاتێک دەستمان بە ساڵی نوێی خوێندن کرد، ئاستەنگێک لەبەردەم حکومەتی ئێستادا هەبوو بۆ یەکخستنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە سەرانسەری سووریادا و عەفرینیش بەشێکە لە سووریا و هەموو پڕۆگرامەکان یەکخران. پێش رزگارکردن، لە عەفرین قوتابخانە هەبوو کە زمانی کوردییان تێدا دەخوێندرا، بەڵام دوای رزگارکردن، پڕۆگرامەکان لە هەموو شار و پارێزگاکانی سووریادا یەکخران. وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بڕیاری ژمارە 943ی رۆژی 27-10-2025ی دەرکرد کە بەپێی مادەی پێنجەمی، زمانە بیانییەکان بەبێ گۆڕانکاری دەهێڵدرێنەوە."
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی، "زمانی عەرەبی زمانی سەرەکییە و هەموو زمانەکانی دیکە بیانین، ئینجا کوردی بێ یان تورکی یان رووسی یان فەرەنسی یان ئینگلیزی. ئەم بڕیارە ئەوان دەگرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە