رووداو - هەولێر
بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان سەرکۆنەی دۆخی کورد لە حەلەب دەکەن و هۆشداریی دەدەن لەوەی فرەیی لە سووریا کەوتووەتە مەترسییەوە. بەرپرسێکی رێکخراوی بەدر دەڵێت: "ئەوانەی ئێستا دەچنە سەر ماڵی کورد، داعشن بە جلی حکومییەوە."
لە 6ـی ئەم مانگەوە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) دەستیپێکردووە، بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 160 هەزار کەس ئاوارە بوون. ئەم دۆخە کاردانەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی لێکەوتووەتەوە.
رەحیم عەبودی، ئەندامی رەوتی حیکمە رۆژی شەممە (10-01-2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لە حەلەب روویدا، چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئیدارە و رژێمی نوێی سووریا نەیانتوانیوە پرسی ئاسایش بە شێوەیەکی واقیعی بچەسپێنن کە لەگەڵ بوونی کەمینەکان و جیاوازیی ئایینزا و بیروباوەڕەکان بگونجێت."
عەبودی هۆشداریی دا لەوەی "فرەیی کۆمەڵایەتی لەنێو سووریادا لەڕێگەی بوونی چەتە تەکفیرییەکان و رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، کەوتووەتە ژێر هەڕەشەیەکی زۆر گەورە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە، تێکەڵکردنی هەندێک لەو گرووپانە لەگەڵ سوپای سووریا "چارەسەرێکی واقیعی نییە" و زۆربەیان خاوەنی ئەجێندای دەرەکین.
لای خۆیەوە، ئەبو میساق موساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە رووداوی راگەیاند: "زۆر جێگەی داخە کە کارەکان لە حەلەب گەیشتوونەتە ئەو دۆخەی ئێستا هەیە. کوردی حەلەب لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود هەمیشە بە رمی سووریا لە سنگی داعشدا دادەنران و شەڕێکی قارەمانانەیان کرد."
ئەو بەرپرسەی بەدر رەخنەی تووندی لەو هێزانە گرت کە ئێستا لە حەلەبن و گوتی: "ئەوانەی خەباتیان کرد و خوێنیان بەخشی بۆ دەرکردنی داعش، ئێستا ئاوارە کراون. ئەوانەی ئێستا بە جلوبەرگ و بۆیەی حکومییەوە دەست بەسەر ناوچە و ماڵەکانیاندا دەگرن، داعشییەکانن."
محەممەد دەحام فەهداوی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی راگەیاند، هەر پێشێلکارییەک کە مافەکانی مرۆڤ بکاتە ئامانج، جا پەیوەندی بە ئاوارەبوون یان پاکتاوی جەستەییەوە هەبێت، بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت.
فەهداوی گوتی: "سەرکۆنەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دەکەین کە خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج لەژێر بیانووی پرسە ئەمنییەکان."
ئەندامەکەی هاوپەیمانیی عەزم هیوای خواست حکومەتی سووریا رەچاوی دۆخی کورد و مافەکانی مرۆڤ بکات و هۆشداریشی دا لەوەی "ئەم پێشێلکارییانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراقیش دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ