رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی سەر حەلەب "پلانی هاوبەشی" دیمەشق و ئەنقەرەیە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی. دەشڵێت: "ئەوەی لە حەلەب روودەدات، دووەم هێرشی داعشە بۆ سەر کورد."
ئەمڕۆ شەممە (10-01-2025)، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لەبارەی پێکدادانەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەجەکە لە راگەیێندراوەکەدا، پێکدادانەکان وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی ناودەبات و دەڵێت: "پێداگریی هاکان فیدان و یاشار گولەر، پلانێکە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە رێگەی سووریاوە؛ پرۆسەیەک کە رێبەر ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بەمەبەستی دامەزراندنی برایەتیی کورد و تورک و چارەسەریی دیموکراسییانەی پرسی کورد دەستیپێکرد."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، کەجەکە هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان بە "هێرشی داعش" دەچوێنێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێرشکردنە سەر ئەو کوردانەی لە حەلەب داعشیان تێکشکاند، بە پلانی هاوبەشی نوێی رژێمی سووریا و دەوڵەتی تورکیا، دووەم هێرشی داعشە. ئەو کاتەش داعش ویستی کورد لە حەلەب کۆمەڵکوژ بکات و بیانگوازێتەوە، ئێستاش هێرشەکە بە بیانووی جۆراوجۆر هەمان ئامانجی هەیە."
کەجەکە داوا دەکات ئەم هێرشانە وەک "هێرشێکی جیهادیی درێژکراوەی داعش" ببینرێن و بڕیاری ئەنجوومەنی گەلی حەلەبیش وەک "ئیرادەی بەرخودان" سەیر بکرێت.
کەجەکە باس لەوە دەکات کە کورد 15 ساڵە بە قوربانیدان بەرەنگاری گرووپە جیهادییەکان بووەتەوە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بێنە دەنگ.
لەو بارەیەوە دەڵێت: "بانگەوازمان بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا، ئەوەیە کە خاوەندارێتی لەم بەرخودانەی کورد بکەن. بێدەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکان بە واتای پەسندکردنی کۆمەڵکوژییەکە دێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، کەجەکە جەختی کردووەتەوە کە "گەلانی سووریا پێویستیان بە ئاشتییە نەک جەنگ، بە دروستکردنی سووریایەکی نوێی دیموکرات پێکەوە، نەک دوژمنایەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ