دوو رۆژ پێش شەڕەکەی حەلەب، لە دیمەشق چی بە هەسەدە گوترا؟

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی شەڕی حەلەب، شاندی هەسەدە بە فەرماندەیی مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا لە کۆبوونەوەدا بوون، بەڵام لەناکاو گوترا کۆبوونەوە تەواو بووە.
 
ئەو کۆبوونەوەیە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێک بوو کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەنێوان هەسەدە و دیمەشق کرا بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا، بەڵام لەناکاو کۆبوونەوەکە تەواو کرا و گوترا 8ـی مانگ دەستپێدەکەنەوە، بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک، دوو رۆژ دواتر لە 6ی کانوونی دووەم، ‌چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود.
 
ئەلمۆنیتۆر نێوەڕۆکی رووداوەکانی نێو ئەو کۆبوونەوەیەی بڵاوکردووەتەوە و چەندین سەرچاوە لە هەسەدە و حکومەتی سووریا زانیارییەکانیان پێشڕاست کردوونەتەوە.
 
کۆبوونەوەکە رۆژی 4ـی کانوونی دووەم بەڕێوەچووە، شاندی هەسەدە لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگریی سووریا بە سەرۆکایەتیی مورهف ئەبوو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، لە دیمەشق گفتوگۆیان دەکرد، وەکو دوایین گەڕی ئەو دانوستاندنەی کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا دەکرا، بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا.
 
فەوزا یووسف، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆبوونەوەکەدا بووە و دەڵێت، "رەفتاری شاندی سووریا لە کۆبوونەوەکەدا نامۆ بوو کە تێیدا باسمان لە وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی هەدەسە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا دەکرد".
 
لە کۆبوونەوەکەدا کێڤین لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا، ئامادە بوو.
 
فەوزا یووسف دەگێڕێتەوە، "گفتوگۆکان پایەیەکی سەرەکی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 بوو کە لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا واژۆکرا، ئەو رێککەوتنە چوارچێوەیەکە بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی سووریا." فەوزا یووسف دەڵێت "ئەو رێککەوتنە ئێستا لە کۆمایە".
 
کاتێک هەردوو شاند لە گفتوگۆدا بوون، لایەنی حکومەتی سووریا لەناکاو کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێناوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی دیاریکراویان هەبێت، تەنانەت شاندی هەسەدە داوای کردووە راگەیێندراوێکی هاوبەش هەبێت لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە و تێیدا ئاماژە بەو پێشڤەچوونانە بکرێت کە بەدەستهاتوون، بەڵام شاندی حکومەتی سووریا رازی نەبوون. بۆیە فەوزا یووسف دەڵیت: "هێرشەکەی سەر حەلەب پێشبینی نەکراو نەبوو"، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی ئاشکرا نەکردووە.
 
هاوکات چەند سەرچاوەیەکی دیکە کە ئاگاداری کۆبوونەوەکە بوون ئاشکرایان کردووە، کۆبوونەوەکە لە سەرتاوە بە باشی بەڕێوەچووە و وا دەردەکەوت هەردوولا سازان بکەن لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا، پاش چەندین پێشنیازی جیاواز کە شاندی هەردوولا پێشکێشیان کردبوو و هەمواریان کردبووەوە. 
 
لە کۆتاییدا دیمەشق رازی بوو بە دروستکردنی سێ فیرقە بە فەرماندەیی کورد لە ئەندامانی هەسەدە، لەگەڵ سێ لیوای جیاواز، یەکێک بۆ شەڕڤانانی ژن، یەکێکی دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لیوای سێیەمیش بۆ پاراستنی سنوور، لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردایە.
 
سەرچاوەکان گوتوویانە، رازیبوونی دیمەشق بەوەی هەسەدە بەشێکی گەورەی سنووری سووریا بپارێزێت، هەرچەندە ئەگەر لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی بەرگریشدا بێت، نیشانەی نەرمییەکی زۆرە، چونکە پێشتر ئەحمەد شەرع داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی هەسەدەی دەکرد.
 
لەبارەی ئەم پێشڤەچوونە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا رۆژی پێنجشەممە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەمە کرد، کاتێک لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسی: "هەر ئەم هەفتەیەی رابردوو، لە سەروبەندی یەکلاکردنەوەی سەرکەوتووانەی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 بووین، رێککەوتنی تێکەڵبوون لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا، کە ئەمە بەشێوەیەکی بەرچاو هاوئاهەنگی ئەمنی پێشدەخات، حکومڕانی هاوبەش و یەکڕیزی نیشتمانیی". باراک نووسی: "هێشتا دەتوانین بگەینە ئەو ئامانجە".
 
ئەلمۆنیتۆر لە زاری سەرچإوەکانییەوە بڵاویکردووەتەوە، چەندین کۆسپ لەنێوان هەردوولا هەبوون کە هۆکارەکەی نەبوونی متمانەی قووڵ بوو لەنێوانیاندا، بۆ نموونە دیمەشق بەردەوام داوای دەکرد رێگە بە هێزەکانی بدرێت بەبێ هیچ قەید و شەرتێک بتوانن بچنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، کە رووباری فورات لە بەشەکانی دیکەی سووریا جیای دەکاتەوە، بەڵام هەسەدە ئەم داواکارییەکی رەتکردووەتەوە لە ترسی ئەوەی ئەمە دەسەڵاتی دیمەشق لەو ناوچانەی بچەسپێنێ پێش ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر کە داواکارییەکانی کورد بەدیبهێنێت بۆ حکومەتێکی ناناوەندیی.
 
بۆیە هەسەدە مکوڕ بووە لەسەر ئەوەی هەر کاتێک ئەگەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هێزەکانی دیمەشق لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بوون، پێویستە هاوئاهەنگی پێشوەخت لەگەڵ هەسەدە بکرێت تاوەکو بتوانن بچنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان. 
 
لەبەرامبەردا، ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا پێداگر بووە لەسەر ئەوەی "مافی حکومەتە پاڵپشتی بنێرێت بۆ هەر ناوچەیەک کە خاکی سووریا بێت." هەروەها لایەنی سووری گوتوویانە کە ئەوان خۆیان بڕیار لەسەر بڵاوەپێکردنی فیرقە و لیواکانی هەسەدە دەدەن، هەر خۆیشیان فەرماندەکانیان دەستنیشان دەکەن.
 
سەرەڕای جیاوزییەکان، هەسەدە داوای کردبوو هەردوولا ئەو هێڵە گشتییانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن کە لەسەری رێککەوتوون، کە ئەمەش خاڵێکە دیمەشق هەمیشە خۆی لێ دزیوەتەوە و رەتیکردووەتەوە، چونکە نایەوێت بە ئاشکرا هیچ پابەندییەک پیشان بدا بۆ مانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
 
چیرۆکەکان جیاوازن، بەڵام ئەلمۆنیتۆر دەڵێت، هەموو سەرچاوەکان گوتوویانە کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەناکاو چووەتە ئەو ژوورەی گفتوگۆی تێدا دەکرا و دوای ماوەیەکی کەم داوای لە فەرماندەی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکییەکان کردووە بچنە دەرەوە، دواتر گوتوویەتی کۆبوونەوەکە کۆتایی هاتووە و رایگەیاندووە، دەکرێت لە 8ی کانوونی دووەم کۆبوونەوەکە دەستپێبکەنەوە.
 
ئەلمۆنیتۆر دەڵێت، بەرپرسانی هەسەدە؛ شەیبانی تۆمەتبار دەکەن کە بەدرێژایی دانوستاندنەکان "رێنمایی لە ئەنقەرە وەردەگرت" و دەستێوەردانی دەکرد. بەڵام دەشڵێت "ئەستەمە ئەوە بسەلمێندرێت."
 
ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا لە سەرەتای دانوستاندنەکانەوە رۆڵی هەبووە و سەرکەوتووش بووە لە رێگریکردن لە گەڕێکی دانوستاندن کە بڕیار بووە ساڵی رابردوو لە پاریس بکرێت.
 
ئەلمۆنیتۆر دەڵێت، ناوەندە کوردییەکانی سووریا پێیانوایە هێرشی سەر حەلەب چەندین مانگە بە پاڵپشتی ئەنقەرە پلانی بۆ دانراوە، چونکە تورکیا هەمیشە داوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی هەسەدەی لە ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری فورات کردووە، لەنێویاندا حەلەب.
 
لە کانوونی دووەمی 2025 ئەمریکا نێوەندگیری لەنێوان هەسەدە و دیمەشق دەستپێکرد بۆ کشانەوەی ئەندامانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی حەلەب، ئەنجانی ئەو نێوەندگیرییە رێککەوتنی 1ی نیسانی 2025 بوو کە تێیدا هاتبوو هەموو ئەندامە سەربازییەکان لە حەلەب بکشێنەوە و کورد بەردەوام بن لە بەڕێوەبردنی کاروباریان و پاراستنی خۆیان لە رێگەی هێزێکی خۆجێی بە ناوی "ئاسایش".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە حەلەب

دیمەشق دەڵێت ئەنقەرە پشتیوانیی لە "کۆنترۆڵکردنی تەواوی" خاکی سووریا دەکات

وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کردووە و دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبیان تاوتوێکردووە.