کەنەدا داوای "دیالۆگی بەپەلە" لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکات

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، وەک کاردانەوە بۆ رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری حەلەب، داوای لە حکومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کرد، هەنگاوی خێرا بنێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
 
رۆژی شەممە 10-01-2026 کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا، داوای لە هەردوولا کردووە پاراستنی سڤیلەکان و دیالۆگ بکەنە کارە لەپێشینەکانیان، تاوەکو رێگری لە تووندوتیژیی زیاتر بکرێت و دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە بڕوات.
 
ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییانە لە کاتێکدان کە سووریا لە قۆناخێکی راگوزەری هەستیاردایە. دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی 2024 بەشار ئەسەد دوای 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ رووخا، حکومەتێکی کاتی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی گرتە دەست. یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم حکومەتە، چارەسەرکردنی پرسی هێزە چەکدارە جیاوازەکان بوو، بە تایبەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی وڵاتیان لەدەستە.
 
لە 10ی ئاداری 2025 رێککەوتنێکی مێژوویی لەنێوان دیمەشق و کورد واژۆ کرا، کە تێیدا بڕیاردرا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدە لەناو حکومەتی نوێ و سوپای نیشتمانیی سووریادا تێکەڵ بکرێن، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بەهۆی جیاوازیی قووڵ لەسەر پرسی "ناوەندێتی دەسەڵات" پەکیکەوت.
 
لە 06-01-2026، گرژییە سیاسییەکان گۆڕدران بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی. سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، کە دوو گەڕەکی کوردنشینن و ساڵانێکی زۆر بوو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بەڕێوە دەبران.
 
ئەم پێکدادانانە کە بە تووندترین شەڕی ناو شاری حەلەب لە دوای رووخانی ئەسەد دادەنرێت، بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. سوپای سووریا هێزە کوردییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە خەڵکی سڤیلیان وەک "قەڵخانی مرۆیی" بەکارهێناوە و نەخۆشخانەکانیان کردووەتە "بنکەی سەربازی." لە بەرامبەردا لایەنی کوردی دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکات کە "رێگەی شەڕ"ـی هەڵبژاردووە بۆ سڕینەوەی مافە سیاسییەکانی کورد.
 
ئێستا، لە کاتێکدا سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی شێخ مەقسوودی راگەیاندووە و قەدەخەی هاتووچۆی سەپاندووە، وڵاتانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا، ئوردن و کەنەدا گوشار دەکەن بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 زیندوو بکەنەوە، تاوەکو رێگری لە داڕمانی پڕۆسەی ئاشتی لە هەموو سووریادا بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوپای عەرەبیی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود. وێنە: AA

تەندروستیی حەلەب: 23 کەسی سڤیل کوژراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب، ئاماری کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 23 کەس کوژراون و 104 کەسی دیکەش برینداربوون.