رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستەی دەروازەکانی سووریا دەڵێت، زیاتر لە 425 هەزار هاووڵاتی لە وڵاتانی دراوسێ و هەزارانیش لە تاراوگە، دوای رووخانی ئەسەد گەڕاونەتەوە سووریا. دەشڵێت، "تەنیا لە تورکیا نزیکەی 250 هەزار سووریایی گەڕاونەتەوە."
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025 مازن عەلووش، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دەستەی گشتیی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا رایگەیاند، "زیاتر لە 425 هەزار هاووڵاتی لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە سووریا؛ هاوکات دەیان هەزار کۆچبەر، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 08-12-2024ەوە هاتوونەتەوە وڵاتەکەیان."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دەروازە سنوورییەکانی سووریا، گەڕانەوەی هاووڵاتییان خۆویستانەیە؛ لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 تاوەکو 8ی حوزەیرانی 2025، هاتنەوەی هاووڵاتییان بەردەوام بووە.
عەلووش دەڵێت، "زۆرینەی هاووڵاتییانمان لە تورکیا گەڕاونەتەوە؛ نزیکەی 250 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. هاوکات لە لوبنان، ئوردن و عێراق ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی سووریایی گەڕاونەتەوە. هەروەها دەیان هەزار کۆچبەر کە لە ئەورووپا، وڵاتانی کەنداو و ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە تۆمار کراون؛ جا چ بۆ سەردان بێت، یان بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بێت."
لە مانگی کانوونی یەکەمی پاردا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە قۆناخی راگوزەر لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی، "گەڕانەوەی زۆرینەی سووریاییەکانی دەرەوەی وڵات، دوو ساڵ دەخایێنێت."
شەرع گوتیشی، "دڵنیام لەو ماوەیەدا (دوو ساڵ)، ئەو سووریاییانەی لە دەرەوەن، کە ژمارەیان نزیکەی 15 ملیۆنە، یەک ملیۆنیان نامێنێتەوە و دەگەڕێنەوە."
چاوی ئاوارەکانی سووریا لەسەر حکومەتی نوێیە، کە بتوانێت لە زووترین کاتدا دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا بکات، تاوەکو ئەو ئاوارانە لە کەمپەکانی ئاوارەیی رزگاریان ببێت و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ