سووریا
حەسەن سۆفان، ئەندامی لیژنەی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانیی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق قسە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانیی سووریا ئازادکردنی ژمارەیەک ئەفسەری دەسەڵاتی پێشووی راگەیاند. بەگوێرەی لیژنەکە، ئەو ئەفسەرانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی دەستەی تەحریری شام لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا هاوکاریی هێزەکانی ئەو کاتی ئۆپۆزیسیۆنیان کردووە.
حەسەن سۆفان، ئەندامی لیژنەی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانیی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق، کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەبوو، رایگەیاند، ئەو ئەفسەرانەی ئازادکراون بە ویستی خۆیان لە سنووری عێراق و ناوچەی سخنە لە پارێزگای حمس خۆیان رادەست کردووە، "لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا و هیچ تۆمەتێکی ئەنجامدانی تاوانی جەنگیان بەسەردا ساخ نەبووەوە، مانەوەیان لە زینداندا خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی ناکات و هیچ پاساوی یاساییشی نییە."
ئەندامەکەی لیژنەی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانیی سووریا گوتیشی، "ئێمە لە ئازار و تووڕەیی خێزان و بنەماڵەی شەهیدان تێدەگەین، بەڵام لە قۆناخی ئاشتەوایی نیشتمانیدا ناچارین بڕیاری وەها بدەین کە سەقامگیرییەکی رێژەیی بۆ قۆناخی داهاتوو دابین بکات."
حەسەن سۆفان گوتی، "رێچکەی سەقامگیری لە وڵاتدا پێویستی بە بوونی دۆخێکی بابەتی هەیە، چونکە کەشێکی پشێو هەلومەرجی گونجاو بۆ هیچ پڕۆژەیەک ناڕەخسێنێت."
هاوکات نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا گوتی، "هەندێک گرووپی پاڵپشتیکراو لەلایەن لایەنی دەرەکی و پاشماوەکانی رژێمی رووخاوەوە هەڕەشە لە دەوڵەت دەکەن و هەوڵی تێکدانی ئاشتەوایی نیشتمانی دەدەن."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا گوتیشی، "یەکێک لە سادەترین بنەماکانی دادپەروەری، دابینکردنی دادگەییکردنێکی دادپەروەرانەیە بۆ ئەو ئەفسەر و کەسانەی تۆمەتبارن بە تاوانەکانی جەنگ."
نورەدین بابا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەندێک لەو کەسانەی ئەمڕۆ چەندین پرسیار لەبارەیان دەکرێت، لەکاتی شەڕی بەرپەرچدانەوەی هێرش و پەلامارەکاندا یارمەتیدەر بوون، ئەوەش سەرکەوتنی خێراتر کرد و بووە هۆی ئازادکردنی سووریا."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لێدوانێکی پێشووی خۆی لەکاتی هێرشەکەی مانگی 12ی دەستەی تەحریری شام بەبیرهێنایەوە و گوتی، "ژمارەیەک ئەفسەری سوپا و هەواڵگریی رژێم هاوکاریمان دەکەن، یەکە سەربازییەکان و لقە ئەمنییەکانمان رادەست دەکەن، ئەمەش گەیشتنی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیی بۆ ناوچەکانی سووریا و ئازادکردنیانی ئاسانتر کرد."
نورەدین بابا رایگەیاند، "تاوانبارە گەورەکان تۆڕی فراوانی تاوانکارییان لەپشتە؛ بۆ دەستکەوتنی زانیاریی تەواو، پەیوەندی لەگەڵ چەندین لایەنی ناوخۆیی و دەرەکیدا دەکرێت بۆ دەستگیرکردنی و کارکردن لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو سامانە گشتییەی گەلی سووریا کە لە رێگەیانەوە دزراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ