ئەمریکا چەند سزایەکی قورسی سەر سووریا هەڵدەسپێرێت

10-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی زنجیرەیەک هەنگاوی ناوە بۆ سووککردنی سزا ئابوورییەکان و کۆنتڕۆڵی هەناردەکردن بۆ سووریا، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە پشتگیریکردنی "سووریایەکی سەقامگیر، یەکگرتوو و ئاشتیخواز."
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانیی (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ ماوەی 180 رۆژ، سەرجەم ئەو سزایانە هەڵدەپەسێرێت، کە بەپێی یاسای پاراستنی سڤیلی سووریا بۆ ساڵی 2019، ناسراو بە "یاسای قەیسەر"، بەسەر حکومەتی سووریادا سەپێندرابوون. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم بڕیارە مۆڵەتێکی گشتی دەدات بۆ ئەنجامدانی مامەڵە دارایی و بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو کەرتانەی پێشتر قەدەخە کرابوون، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاری و بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
 
هەرچەندە سزای گشتگیر هەڵگیراوە و یاسای قەیسەر بۆ ماوەی 180 رۆژ هەڵپەسێردراوە، بەڵام هەندێک کۆتوبەندی سەرەکی ماونەتەوە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینە، سزاكان لەسەر "خراپترینی خراپەكان" دەمێننەوە، کە بریتین لە بەشار ئەسەد و هاوکارەکانی، پێشێلکارانی مافی مرۆڤ، بازرگانانی مادەی هۆشبەری کەپتاگۆن و ئەکتەرە ناسەقامگیرکەرەکانی دیکەی هەرێمی.
 
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانی لە وەزارەتی گەنجینە دووپاتی کردەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتەکانی رووسیا و ئێران، کە دوو پشتیوانی سەرەکیی حکومەتی پێشووی سووریا بوون، هێشتا قەدەخەیە. هەروەها پۆلێنکردنی سووریا وەکو وڵاتێکی سپۆنسەری تیرۆر لەژێر پێداچوونەوەدایە و هەڵنەگیراوە، ئەمەش رێگری لە هەندێک جۆری دیکەی هاوکاری و وەبەرهێنان دەکات.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی ئەمریکا سیاسەتی نوێی گرتووەتەبەر بۆ هاندانی کۆمپانیا و بانکەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەشداریکردن لە سەقامگیرکردنی سووریادا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە