رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئاسایشی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، گیانلەدەستدانی دوو فەرماندەی باڵای هێزەکانیانی لە شەڕ و پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردوودا راگەیاند.
فەرماندەیی ئاسایشی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی 10-01-2026 هەریەک لە زیاد حەلەب (زیاد قەدوور) لە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایش و ئازاد حەلەب (وەزاح سەڵاح بیلال) ئەندامی فەرماندەیی گشتی، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە رۆژی 06-01-2026ـەوە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەستیپێکردووە و تێیدا "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە هاوکاریی تورکیا و بە بەکارهێنانی چەکی قورس و لە رێگەی ئاسمان و زەمینەوە هێرشیان کردووە."
ئاسایشی شێخ مەقسوود دەڵێت، ئەو دوو فەرماندەیە لە ساتی یەکەمی دەستپێکردنی هێرشەکانەوە سەرپەرشتیی بەرگرییان کردووە و "لە ریزەکانی پێشەوەی شەڕ بوون و تاوەکو دوا ساتەکان رووبەڕووی هێرشەکان بوونەتەوە."
دەربارەی زیانەکانی لایەنی بەرامبەر، راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە لەو شەڕانەدا "چەندین تانک و زرێپۆش تێکشکێندراون و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکان کوژراون."
رۆژی 06-01-2026 هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود و دوای پێنج رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە هەردوو گەڕەکەکەیان داگیر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ