واشنتن نیگەرانی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرعە و داوای سیستمێک بۆ پاراستنی دەکات

11-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، واشنتن نیگەرانە لەوەی هەوڵەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و کردنەوەی دەرگا بەڕووی رۆژئاوادا، بیکاتە ئامانجی گرووپە چەکدارە تووندڕۆ ناڕازییەکان.
 
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر" گوتی، "پێویستە سیستمێک بۆ پاراستنی [شەرع] رێکبخەین."
 
باراک ئاماژەی بەو هەڕەشانە کرد، کە لەلایەن باڵە جیابووەکانی ئەو چەکدارە بیانییانەوە دروست بوون، کە پێشتر لەنێو دەستەی تەحریری شامدا بوون و گوتی، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی نوێی سووریا کار دەکات بۆ تێکەڵکردنی ئەو چەکدارانەی ئەزموونی جەنگیان هەیە بە سوپای نیشتمانییەوە، رێکخراوی داعش هەوڵی راکێشانیان بۆ ریزەکانی خۆی دەدات.
 
نێردەکەی ئەمریکا دەڵێت، "هەرچەندە گەیاندنی فریاگوزاریی ئابووری بۆ سووریا زیاتر دوابکەوێت، ئەوەندە گرووپی دابەشبووی زیاتر دروست دەبن، کە دەڵێن، "ئەمە دەرفەتە بۆ تێکدانی دۆخەکە."
 
"بەرژەوەندییەکانمان یەکن"
 
تۆم باراک کە دووجار لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەتەوە، سەرکردەی نوێی سووریای بە "ژیر" و "متمانەبەخۆبوو" ناوبرد و گوتی، سەرنجی لەسەر کارەکانیەتی.
 
باڵیۆزەکە ستایشی شەرعی کرد و گوتی، جگە لەوەی قسەکەرێکی بەتوانایە، کەسێکی ئەوەندە ئارام و لەسەرخۆیە، کە لەکاتی گفتوگۆدا هەرگیز هەست و نیازی راستەقینەی خۆی لەسەر رووخساری دەرناخات.
 
باراک گوتیشی، "دڵنیام ئەمڕۆ بەرژەوەندییەکانی ئێمە و بەرژەوەندییەکانی ئەو تەواو یەک شتن، وەکو ئەوەی لە ئیدلب [شەرع] کردی بۆ سەرخستنی ئەزموونەکە لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی گشتگیری کارا، کە ئیسلامی میانڕەو پەیڕەو دەکات، نەک ئیسلامی تووندڕۆ."
 
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بە سەرکردایەتیی شەرع، ئەمریکا وەکو گرووپێکی تیرۆریستی ناوی بردووە و پێشتر پەیوەندیی بە قاعیدەوە هەبوو، لە ساڵی 2017وە هێزی سەربازیی باڵادەست و دەسەڵاتی دیفاکتۆی ئیدلب بووە.
 
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووریاوە، راپۆرتی لەسەر "دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ" لەژێر دەسەڵاتی هەتەشدا بڵاوکردبووەوە؛ بەڵام لە ساڵانی رابردوودا، گرووپەکەی شەرع کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکانی کەمکردەوە، پۆلیسی رەوشتی لە شوێنە گشتییەکان کشاندەوە و یاسا تووندەکانی باڵاپۆشیی بۆ ژنان سووکتر کرد.
 
شەرع هەروەها دەستی بە دەرکەوتنی گشتی کرد لەگەڵ کەسایەتییە کریستیان و درووزەکانی ناوچەکە، بەڵێنی گەڕاندنەوەی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی پێدان.
 
"مەرج نا، بەڵام چاوەڕوانی هەیە"
 
لێدوانەکانی باراک کەمتر لە مانگێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لە 14ی ئایار لە ریاز چاوی بە شەرع کەوت و رایگەیاند، هەموو سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا هەڵدەگرێت. ئەمە وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە سیاسەتی ئەمریکادا، کە پێشتر خۆی لە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ شەرع و حکومەتە کاتییەکەی دەپاراست.
 
باراک کە وەبەرهێنەرێکی خانووبەرەیە و دۆستی دێرینی ترەمپە، مانگی رابردوو وەکو نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا دەستنیشان کرا. ئەو ئەرکی خۆی بە "رێگریکردن لە رۆتینی بیرۆکراسی" وەسف کرد، کە رێگر بوو لە هەوڵەکانی سەرۆک بۆ هەڵگرتنی سزاکان.
 
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتی، "[ترەمپ] بە تەنیا بڕیارێکی بێوێنەی دا و بە یەکجار کێشەکەی چارەسەر کرد. ئەمە ترەمپ بوو، نەک راوێژکارەکانی، و کارێکی ژیرانە بوو."
 
باراک جەختی کردەوە کە هیچ مەرجێک لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا نییە و گوتی، "ئێمە فەرمان دەرناکەین، مەرج دانانێین، دەوڵەتسازی ناکەین. پێشتر ئەوەمان کردووە و هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە."
 
بە گوتەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لەبری مەرج، "چاوەڕوانی" هەیە بۆ بەردەوامبوونی شەفافیەت لە کاتێکدا شەرع کار لەسەر ئەو ئەولەویەتانە دەکات کە ترەمپ لە کۆبوونەوەکەیاندا دیاریکردوون؛ لەوانە، دەرکردنی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان، کارکردن بۆ چوونە ناو رێککەوتنی ئەبراهەم و بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش.
 
"تێگەیشتنی بێدەنگ"
 
باراک ئاماژەی بە چەندین ئاڵنگاری کرد، کە رووبەڕووی شەرع دەبنەوە، لەوانە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای نیشتمانی، چارەسەرکردنی دۆخی چەکدارە بیانییە تووندڕۆکان و چارەنووسی ئەو کەمپانەی، کە چەکدارانی پێشووی داعش و کەسوکارەکانیانی تێدایە.
 
کاتێک لەبارەی هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ ئاسانکاریی دیالۆگ لەنێوان سووریا و ئیسرائیل پرسیاری لێکرا، باراک لە وەڵامدا گوتی، "هیوامان ئەوەیە کە هەردوولا، ئیسرائیل و شەرع، تەنانەت ئەگەر لەم قۆناخەشدا قسە لەگەڵ یەکدی نەکەن، تێگەیشتنێکی بێدەنگیان هەبێت کە تێوەگلان(ـی سەربازی) ئێستا بۆ هەردوولا شتێکی زۆر خراپ دەبێت."
 
لە نێوەڕاستی مانگی ئاداردا، شەرع رێککەوتنێکی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کرد، بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە سوپای نیشتمانیی سووریاوە.
 
"پڕکردنی گۆڕەپانەکە لە هیوا"
 
بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک، سزاکان سووریایان لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی دابڕیبوو و بوونە هۆی ئەوەی زیاتر لە 90%ی سوورییەکان بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. کۆتاییهێنان بەو سزایانە رێگە بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ سووریا خۆش دەکات، ئەو وڵاتەی کە تێیدا لە هەر چوار کەس یەکێکیان بێکارە و تێچووی خەمڵێندراوی ئاوەدانکردنەوەی لەنێوان 250 بۆ 400 ملیار دۆلارە.
 
تۆم باراک ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە کە ئاڵنگارییەکانی بەردەم بووژاندنەوەی ئابووریی سووریا لاببرێت، تاوەکو وڵاتانی دیکەی کەنداو، تورکیا و خودی سووریاییەکانیش بتوان وڵاتەکەیان بەرەوپێشەوە ببەن.
 
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتی، "دەتانەوێت توانای ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی خۆتان هەبێت؟ فەرموون بیکەن. هەموو ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنیا لابردنی ئەو کۆتوبەندانەیە، کە رێگرن لە هاتنی بیرۆکەی باش و خەڵکی باش بۆ یارمەتیدان."
 
نێردەکەی ئەمریکا ئەم سیاسەتە بە "پڕکردنی گۆڕەپانەکە لە هیوا" ناودەبات.
 
باراک گوتیشی، "تەنانەت ئەگەر هێشتا ئاو و کارەبای زیاتریشیان دەستنەکەوێت، دەتوانن ببینن کە مۆلیدەیەک دادەنرێت. لەم کاتەدا، یەک دڵۆپ هیوا بەسەر دەریاچەیەک لە واقیعی تاڵدا سەردەکەوێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەسەدە

مەسەدە: دۆخی بژێوی و ئابووریی سووریا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەبارەی "تێکچوونی خێرای دۆخی بژێوی و ئابووری لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پرسی نانی خەڵک، ئاسایشی خۆراک و تەندروستی لە پێشینەی کارە نیشتمانییەکانە و چیدی قابیلی دواخستن و پشتگوێخستن نییە